جەهەپە دژی گۆڕینی دەستووری توركیایە

:: AM:11:04:13/05/2025 ‌
"جەهەپە" نیگەرانیی خۆی لەناوهێنانی پەیماننامەی لۆزان و دەستووری 1924 پێشان داوە، لەلایەن پەكەكەوە وەك سەرچاوەی سیاسەتی نكۆڵی و لەناوبردنی گەلی كورد ناو برا، هاوكات ئەكرەم ئیمامئۆغڵۆش رای گەیاند، بەهۆی نكۆڵیكردن لە كورد، نەمانتوانی وڵاتێكی باش بنیات بنێین.

 ئەكرەم ئیمامئۆغلو كە ئێستە بەتۆمەتی گەندەڵی لە گرتووخانەدایە، لە پەیامێكدا كە بەبۆنەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان بڵاوی كردەوە رای گەیاند، دڵخۆشم كە پەكەكە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی دا، سەردەمێك كە گیانی گەنجەكانمان و دەیان هەزار هاووڵاتیی تورك و كوردمان بەفیڕۆ دا، داهات و سەرچاوە داراییەكانمانی لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا وشك كرد، خەریكە كۆتایی دێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، هۆكاری سەرەكیی پشت 40 ساڵی شەڕ ئەوەیە، ئێمە نەمانتوانی هاووڵاتیی كوردی خۆمان وا لێ بكەین هەست بەوە بكەن كە هاووڵاتیی یەكسانن لە كۆمارەكەماندا، لە روانگەی تەناهییەوە سەیری كوردمان لە دەرەوەی سنوورەكانمان كردووە، بەڵام ئەگەر بتوانین وابكەین كورد هەست بە یەكسانی بكات لەگەڵ هەمووان، وڵاتەكەمان دەگەشێتەوە.

هاوكات جەهەپە كە حزبەكەی ئیمامئۆغلۆشە، لەبارەی چەكدانانی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە، نیگەرانیی خۆی لە بەیاننامەكەی پەكەكە دەربڕی كە باسی دەستووری كردبوو.

  جەهەپە دەڵێت: "لە هەموو كەس زیاتر جەهەپە دەیەوێت ئاشتی لە توركیا بەدی بێت و هەرگیز نكۆڵیشی لە بوونی كێشەی كورد نەكردووە".

هاوكات لە ڕاگەیەنراوەكەی جەهەپەدا، كاردانەوەش پێشان دراوە بەرانبەر ناوهێنانی پەیماننامەی لۆزان و ئەو دەستوورەی لە 1924 لە توركیا جێگیر كرا لە ڕاگەیەنراوەكەی پەكەكەدا.

جەهەپە ئاماژە بەوە دەدات كە قسەكردن و مشتومڕ لەسەر پەیماننامەی لۆزان، بەو واتایە دێت سەرلەنوێ كۆماری توركیا پێناسە بكرێتەوە، لە كاتێكدا ئەم پەیماننامەیە وەك تاپۆی كۆماری توركیا وایە.

هاوكات سەرنجیش دەخاتە سەر ئەوەی دەستووری 1924 دەوڵەتی توركیای وەك یەكەیەكی یەكگرتوو پێناسە كردووە.

لە ڕاگەیەنراوەكەی پەكەكەدا سەرچاوەی سیاسەتی نكۆڵی و لەناوبردنی گەلی كورد بۆ پەیماننامەی لۆزان و دەستووری 1924 گەڕێنراوەتەوە و تێیدا هاتووە: پەكەكە وەك بزووتنەوەی ئازادی گەلەكەمان، هاتە سەر شانۆی مێژوو دژی سیاسەتی نكۆڵی و لەناوبردنی كورد وەستایەوە كە سەرچاوەكەی پەیماننامەی لۆزان و دەستووری 1924 بوو".

جەهەپە پارتێكی چەپڕەوە لەسەردەستی موستەفا كەمال ئەتاتورك لەساڵی 1923 دامەزرا، دوای كۆچی ئەتاتورك هەندێكجار لە حكوومەتدا بووە و چەند جارێكیش لەدەرەوە حكوومەت، ئێستە گەورەترین نەیاری پارتی داد و گەشەپێدانە و گەورەترین حزبی ئۆپزسیۆنە.





وشە - سۆران عەزیز