ترەمپ: بۆ بێهیوا بم چوار ترلیۆن دۆلارمان لە كەنداو دەستكەوت

:: PM:02:55:16/05/2025 ‌
سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ دڵخۆشیی خۆی دەربڕی لە دەرەنجامی گەشتەكەی بۆ وڵاتانی كەنداو و ئاماژەیشی دا، دەسكەوتی بۆ كەنداو چوار ترلیۆن دۆلار بووە. 

ئەم قسانەی ترەمپ دوای ئەوە هات لە كاتی گەڕانەوەیدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رۆژنامەنووسێك لێی دەپرسێت، ئایا بێهیوایت لە كوالێتی ئەو شاندەی كە رووسەكان بۆ توركیایان ناردووە؟ لە وەڵامدا ترەمپ گوتی كە من هیچ لەبارەی شاندەكەوە نازانم و لە هیچ شتێكیش بێ هیوا نیم، بۆ بێ هیوا بم و دڵخۆش نەبم؟ تەنیا لە گەشتەكەمدا چوار ترلیۆن دۆلارم دەستكەوت. 

ترەمپ زیاتر گوتیشی، سەیركە هیچ شتێك رووی نەداوە كە رێگربێت لەوەی من و پووتین یەكتر ببینین، تۆ پێت خۆشبێت یا نا من و پوتین هەر یەكتر دەبینین و ناچارین كێشەكان چارەسەر بكەین، چونكە خەڵكێكی زۆر خەریكە دەمرن. 

ئەم قسانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت كە زێلنسكی لە توركیا چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان كەوت و هەر یەك لە ئاسایشی نەتەوەیی كۆشكی سپی و یاریدەدەری سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە چاوەڕێ دەكرێت پوتین و ترەمپ لە زووترین كاتدا یەكتر ببینن.





وشە - پۆڵا مەحموود