ئەمڕۆ 34ـەمین لووتكەی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوە دەچێت

:: AM:08:30:17/05/2025 ‌
ئەمڕۆ 34ـەمین لووتكەی عەرەبی لە بەغدا بە بەشداریی سەرۆك، سەرۆك وەزیران، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆك وەزیرانی 22 وڵاتی كۆمكاری عەرەبی بەڕێوە دەچێت، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیاش وەك میوان بەشداریی لووتكەكە دەكەن.

باسم عەوادی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق رای گەیاند، ئەمڕۆ سێ لووتكە بەڕێوە دەچن، یەكەم لووتكە لە بەیانیدا لەسەر ئاستی سەرۆك و سەركردەكان بەڕێوە دەچێت، پاش نیوەڕۆش لووتكەی گەشەپێدانی ئابووری بەڕێوە دەچێت، هاوكات ئەم ئێوارەیەش لووتكەیەكی سێ قۆڵی بەناونیشانی میكانیزمی هاریكاریی سێقۆڵی بەڕێوە دەچێت، كە سەركردەكانی عێراق و میسر و ئوردن كۆ دەكاتەوە.

باسم عەوادی ئاماژەی بەوە كردووە، عێراق 18 دەستپێشخەریی ئامادە كردووە لە سێ لووتكەكەدا دەخرێنەڕوو، كە پێشتر لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی، پێنجیان پەسند كراون.

ئەو پێنج دەستپێشخەرییەی عێراق كە پێنجشەمی رابردوو پەسند كران، باسیان لە هاوكاریی تەناهی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان كردووە و زۆرینەی ئەو 13 دەستپێشخەرییەی كە ماونەتەوە ئابوورین.

ئەمە لە كاتێكدایە تا ئێستە نادڵنیاییەك لە هاتنی سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی هەیە و گومان دەكرێ بەشێكیان بەشداریی لووتكەی عەرەبی بەغدا نەكەن.

دوای راگەیاندنی ئامادەنەبوونی ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا و جۆزیف عۆن سەرۆكی لبنان لە لووتكەی عەرەبی لە بەغدا، ئوردنیش رای گەیاند، لە بری شا عەبدوڵای دووەم، جەعفەر حەسان سەرۆك وەزیران بەشداری لووتكەكە دەكات.

ئاژانسی هەواڵی ئوردنیش لە راگەیەنراوێكی كورتدا بڵاوی كردووەتەوە، "لە بری شا عەبدوڵای دووەم، دكتۆر جەعفەر حەسان سەرۆك وەزیران، سبەی بەشداریی لە كۆنگرەی لووتكەی عەرەبی دەكات. لە هەواڵەكە هیچ هۆكارێك بۆ ئامادەنەبوونی شا عەبدوڵا روون نەكراوەتەوە.

 ئێوارەی ئەمڕۆ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی حكوومەتی سووریا، لە بری ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا گەیشتە بەغدا.



وشە - سۆران عەزیز