گرنگترین خاڵەكانی بەیاننامەی كۆتایی لووتكەی بەغدا

:: PM:08:11:17/05/2025 ‌

ئەمڕۆ شەموو كارەكانی لووتكەی عەرەبی لە بەغدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك سەرۆك و شای وڵاتانی عەرەبی بەڕێوە چوو، بەیاننامەی كۆتایی لووتكەكە دووپاتی لە وەستانی راستەوخۆی شەڕی غەزە كردەوە، جیا لە رەتكردنەوەی هەموو جۆرە دەستوەردانێك لە كاروباری سووریا.

بەپێی بەیاننامەی كۆتایی لووتكەی بەغدا، داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە هێرشی سەر غەزە، جارێكی تر هەموو جۆرەكانی راگواستنی فەلەستینییەكان رەت دەكەینەوە و دووپات لە گرنگیی هاوئاهەنگیی هاوبەش دەكەینەوە بۆ كردنەوەی دەروازەی هێنانەژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ فەلەستین و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین بۆ وەرگرتنی هەڵوێست و وەستانی خوێنڕشتن لە غەزە.

روونی كردەوە، سەبارەت بە سووریا پێشوازی لە راگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە لابردنی سزاكانی سەر سووریا دەكەین، لابردنی سزا ئابووری و داراییەكان دەبێتە هۆی ئاوەدانكردنەوەی سووریا لە هەموو بوارەكان، دووپاتی لە پێویستیی بەرەوپێشچوونی پرۆسەیەكی گشتیی سیاسی لە سووریا دەكەینەوە، جیا لە رێزگرتن لە بژارەكانی گەلی سووری و سووربوونی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە.

لە بەیاننامەكە باسی هەریەك لە لیبیا و سوودان و لبنان و یەمەن كرا و پاڵپشتیی لووتكەكەی بۆ گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا و دووپاتكردنەوەی لەسەر گرنگیی گەیشتن بە رێككەوتن و ئەنجامی ئەرێنی كردەوە، جیا لە دووپاتكردنەوە لە دەستوەرنەدان لە كاروباری وڵات و هەوڵدان بۆ ناوچەیەكی داماڵراو لە چەكی ئەتۆمی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل