ئەمڕۆ كارەكانی لووتكەی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوە چوو، سەرۆك وەزیرانی عێراق بانگەشەی تەواوی سەركردەكانی عەرەبی كردبوو، لەوانەش ئەحمەد شەرعی سەرۆكی قۆناغی كاتیی سووریا، بەڵام بەهۆی هەڕەشەی شیعەكان بەشداری لە لووتكەكە نەكرد، راپۆرتێك هۆكاری هەڕەشەی شیعەكان لە شەرع و رێگرتن لە هاتنی ئاشكرا دەكات.
راپۆرتێكی رۆژنامەی
"دەیلی سەباح"ی توركی دەڵێت، ئەوەی رووی دا چەند ئاماژەیەكی هەیە، لەوانە ئاڵۆزمانەوەی پێوەندییەكانی بەغدا و دیمەشق و توانای تاران بۆ دەستوەردان لە پێوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دراوسێكانی، لەوكاتەی دیدارەكەی قەتەری سوودانی و شەرع بووە ساتێكی گرنگ لە پێوەندییەكانی عێراق و سووریا بۆ قوناغی دوای بەشار ئەسەد.
بەپێی راپۆرتەكە بانگەشەكردنی شەرع بۆ بەغدا لە لایەن سوودانییەوە میلیشیا شیعەكانی توڕە كرد، كەچی سوننە پێشوازییان لێ كرد و بە هەنگاوێكیان بەرەو جیابوونەوە لە ئێران لەقەڵەم دا، راپۆرتەكە دێتە سەر بابەتە سەرەكییەكە و پێی وایە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە كۆتایی ئەمساڵ وای كردووە شیعە هەست بە نیگەرانی بكەن لەوەی سوودانی دووەم ماوەی دەسەڵات وەك سەرۆك وەزیران بباتەوە، بۆیەش رێگری لە ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ دیمەشق دەكەن.
رێگرتن لە هاتنی شەرع بۆ بەغدا بەڵگەیكە لەسەر سەركەوتنی میلیشیاكان لە رێگرتن لە هەوڵەكانی سوودانی بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ سووریا، بەتایبەتی بەر لە هەڵبژاردن و ئەویش نیازی خۆهەڵبژاردنی راگەیاندووە، هاوكات سوودانی ناتوانێت رووبەڕووی ئەو میلیشیایانە ببێتەوە، چونكە چانسی لە هەڵبژاردن لاواز دەبێت.
شیعەكان لەسەر خواستی ئێران و بۆ خۆدەرخستن بەرانبەر بە سوودانی رێگرییان لە هاتنی شەرع كرد، هاوكات سوودانیش هەر بەهۆی هەڵبژاردنەوە نەیتوانی پێوەندییەكانی عێراق و سووریا بەرەو ئاساییبوونەوە ببات، بەڵام هاوكات رێڕەوێك لەگەڵ سووریا بێڵێتەوە، بۆیە مانەوەی پێوەندییەكان لە رێگەی وەزیری دەرەوەی سووریا پێشانی دەدات كە میلیشیاكان ناتوانن تەواوی پێوەندییەكانی عێراق و سووریا ببڕن، ئەوەشی رای دەگەیەنن بۆ رازیكردنی جەماورەكەیانە.