پاڵاوگەی نەوتی بێجی ئاگری گرت

:: AM:08:39:18/05/2025 ‌
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای سەڵاحەدین ئەمڕۆ رای گەیاند، یەكێكە لە یەكەكانی پاڵاوگەی نەوتی بێجی لە باكوری پارێزگای سەڵاحەدین ئاگری گرت كە ئەو یەكەیە بە "پاڵاوگەی چەوری" ناو دەبرێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 18ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گەتەی سەرچاوەكەی بەرگریی شارستانیی سەڵاحەدین، لەگەڵ گڕگرتنی یەكەیەكی پاڵاوگەی نەوتی بێجی، دەستبەجێ تیمەكانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و بۆ ماوەیەك توانیان ئاگرەكەن كۆنترۆڵ بكەن نەك ئاگرەكە بۆ یەكەكانی تر گەشە بكات.

ئاماژەی داوە كە لێكۆڵینەوە بۆ هۆكاری ئاگرەكە دەستی پێ كردووە و تا ئێستە زانیاریی لەبارەی هۆی كەوتنەوەی ئاگرەكە ئاشكرا نەكراوە، بەڵام جیا لە زیانە مادییەكان، زیانی مرۆیی بەدواوە نەبووە.

پاڵاوگەی نەوتی بێجی رۆژانە 310 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت، بەڵام لە ساڵی 2015دا رێكخراوی تیرۆریستیی داعش كە ناوچەكەی داگیر كرد، دەستی بەسەر پاڵاوگەكە گرت و بۆ ماوەی یەك ساڵ تەواوی ئامێر و كەرەستەكانی پاڵاوگەكەی تاڵان كرد. تا ئەوكاتەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق تەواوی ئامێر و كەرەستەكانی بۆ پاڵاوگەكە دابین كرد و لە ساڵی 2024دا دووبارە دەستی بەكار كردەوە كە بۆ ماوەی نزیكەی 10 ساڵ لە كار وەستابوو.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د