نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە یەكێك لە پانێڵەكانی كۆڕبەندی گفتوگۆی تاران ڕای گەیاند، هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی مێژوویی و دێرینی لەگەڵ تاران هەیە، لە نیوە زیاتر مامەڵە ئابوورییەكانی عێراق و ئێران لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوەیە.
نێچیرڤان بارزانی گوتی، ئێمە هاوبەشییەكی زۆرمان لەگەڵ ئێران هەیە و ئەو وڵاتە بە وڵاتی خۆمان دەزانین، هەر پێشتریش وەك میوان و خاوەن ماڵ پێشوازییان لێ كردووین و لە كاتە سەختەكاندا هاوكارمان بوون.
لەبارەی ڕاگەیاندنی چەكدانانی پەكەكە و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، نێچرڤان بارزانی باسی لەوە كرد، ناكرێت پرسی كورد بە شەڕ و خوێن چارەسەر بكرێت، ئێمە دەستوەردان لە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا ناكەین و دەتوانین ڕۆڵی یارمەتیدەر لەو ناوەندە بگێڕین.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی دوێنێ شەموو بە سەردانێكی فەرمی بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی "تاران بۆ گفتوگۆ" گەیشتە ئێران.
نێچیرڤان بارزانی باس لەوە دەكات، "عێراق چووەتە قۆناغێكەوە دەتوانێ یارمەتیی سەقامگیركردنی ناوچەكە بدات."
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارەكەدا لەبارەی مامەڵەی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەڵێت، "بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور هەڵسوكەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان ناكات. بەغدا دەبێت پرسی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات."
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پێوەندیی هەرێمی كوردستان و ئێرانیش رای گەیاند، "پێوەندییەكی مێژووییمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە. ئەم پێوەندییانە رۆژ دوای رۆژ گەشە دەكەن."ئێران یەكەم وڵات بوو لە كاتی شەڕی داعش یارمەتیی هەرێمی كوردستانی دا".
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە، ئێمە بڕوامان بەوە هەیە كە هەموومان لە سنوورێكی جیۆگرافیدا دەژین بەناوی عێراق، بۆیە دەبێت سیستمێك پێڕەو بكرێت كە جێگەی ڕەزامەندیی هەموو پێكهاتەكان بێت، شێوازی سیستمەكەش لە دەستووری عێراق جێگیر كراوە و 80%ـی گەلی عێراق دەنگیان پێ داوە، بۆیە ئێمە لە هەرێمی كوردستان لەو بڕوایەداین ئەگەر دەستووری هەمیشەیی عێراق وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە زۆرینەی ئەو گرێیانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هەن، دەكرێنەوە، بەڵام شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی حكوومەتێكی فیدراڵی نییە.
هەر لە قسەكانیدا نێچیرڤان بارزانی لەبارەی كێشەكانیشەوە باسی لەوە كرد، چەندان جار بە بەرپرسانی عێراقمان گوتووە، پێویستە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان، ڕاستەوخۆ و ڕاشكاوانە گفتوگۆ بكەین و بزانین لە چ خاڵێك كۆكین و دەتوانین ڕێك بكەوین، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشتری عێراق شاهیدە كە ئێستە لێرە دانیشتووە، بۆیە عێراق ئەگەر بیەوێت پرسی سیستمی فیدراڵی چارەسەر بكات، دەبێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان گفتوگۆ بكات.
ڕاشی گەیاند، هەفتەی داهاتوو دیداری پارێزگارەكانی ناوچەكە هەیە كە پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان سەردانی تاران دەكەن، ڕەنگە دیداریی تایبەتیان لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەبێت.
نێچیرڤان بارزانی ڕوونیشی كردەوە، لە دوای سەردانەكەی سەرۆك كۆماری ئێران مەسعوود پزیشكیان بۆ بەغدا و دواتریش بۆ هەولێر، ئێستە پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی زیاتر فراوان بوونە، بەتایبەت لە بوارەكانی سیاسی، كولتووری، خوێندنی زانكۆ و بازرگانی، پێشكەوتنێكی باش لە تەواوی بوارەكاندا بەدی دەكەین.