وادەی پێنجەم گەڕی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا دیاری كراوە

:: PM:05:07:18/05/2025 ‌

گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا لە 12ی نیسانی رابردوو دەستیان پێ كرد و تا ئێستە چوار گەڕی بەڕێوە چووە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە وادەی پێنجەم گەڕی گفتوگۆكان دیاری كراوە و بەمنزیكانە كات و شوێنی دێتە راگەیاندن.

عێراقچی لە پەراوێزی كارەكانی كۆڕبەندی تاران و لە دوای كۆبوونەوەیەكی سێقۆڵی لەگەڵ بەدر بن حەمەد بووسەعیدی و محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی هاوتا عومانی و قەتەرییەكەی ئاماژەی كرد، پێشبینی دەكرێت بەمنزیكانە گەڕی داهاتووی گفتوگۆكان بەڕێوە بچێت و لە داهاتوو شوێن و كاتی رادەگەیەنرێت.  

لای خۆیەوە ستیڤ ویتكۆف نێردراوی ئەمەریكا، كە سەرۆكایەتیی شاندی ئەو وڵاتە لە گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران دەكات، ئاماژەی كرد كە رەنگە لە ماوەی ئەم هەفتەیە لە رۆما چاوی بە شاندی ئێران بكەوێت، دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی رێگەبە ئێران نادات یۆرانیۆم تەنانەت تا ئاستی 1%ش پوخت بكات، ئەو لە دیدارێكی تۆڕی "ئەی بی سی"، گوتی، ئەمەریكا چەندان رێگەی بە دەستەوەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی لە گفتوگۆكان.

دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێك بەوەی لە هەفتەی رابردوو و لە میانی چوارەم گەڕی گفتوگۆكان لە مەسقەت، ئەمەریكا پێشنیازێكی نووسراوی داوەتە شاندی ئێران بۆ ئەوەی لە تاران تاوتوێ بكرێت و وەڵامی ئەمەریكا بدرێتەوە، عێراقچی گوتی، هیچ پەیامێكی نووسراومان لە لایەن عومانەوە بە دەست نەگەیشتووە.

هەفتەی رابردوو چوارەم گەڕی گفتوگۆ ناراستەوخۆكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە مەسقەتی پایەتەختی عومان بەڕێوە چوو، ماڵپەڕێكی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە لەو گەڕەی گفتوگۆكان ئەمەریكا پێشنیازێكی نووسراوی بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئەتۆمی بۆ عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران رەوانە كردووە.

ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە كە لە چوارەم گەڕی گفتوگۆ ناراستەوخۆكانی ئێران و ئەمەریكا لە یەكشەمی رابردوو، ئەمەریكا پێشنیازێكی نووسراوی لەبارەی رێككەوتنێكی ئەتۆمی بە ئێران داوە، ئەوەش یەكەم جارە ستیڤ ویتكۆف نێردراوی ئەمەریكا پێشنیازێكی نووسراو بداتە ئێرانییەكان لەوەتەی گفتوگۆكان دەستی پێ كردووە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و سەرۆكی شاندی ئێران پێشنیازەكەی بردووەتەوە ئێران بۆ راوێژكردن لەگەڵ خامنەیی و مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران و بەرپرسانی تری باڵای وڵاتەكەی.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل