ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەكات

:: PM:05:29:18/05/2025 ‌

بەدرێژایی ململانێی ئەمەریكا و ئێران هەر كاتێك ئێران گوشاری خرابێتە سەر، یەكێك لە كارتە بەهێزەكانی كە هەڕەشەی پێ كردووە داخستنی گەرووی هورمز بووە، ئەو لە سەردەمی یەكەم دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدنیش، ئەو هەڕەشەی كردووە، ئەمڕۆ سەرۆكی ئێران باسی داخستنی گەرووەكە دەكاتەوە.

ئەمڕۆ مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران لە میانەی كۆڕبەندی گفتوگۆی تاران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی كرد، رای گەیاند ئەگەر رۆیشتنی نەوت لە كەنداوەوە بۆ دەرەوە بوەستێت، وەك ئاماژەیەك بۆ داخرانی گەرووی هورمز، تەواوی ناوچەكە و دنیا پەكی دەكەوێت، ئەوە لە حاڵەتی رێگرتن لە هەناردنی نەوتی ئێران بۆ دەرەوە.  

روونی كردەوە، هەندێك لایەن هەن هەوڵی دروستكردنی كێشە دەدەن، بە مەبەستی دەستكەوتنی نەوتی ئێران بە هەر نرخێك و فرۆشتنی چەك بە لایەنە ناكۆكەكان لە لایەكی تر، ئەوەش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێی نێوان دۆستەكان، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو و ئێران. 

شایەنی باسە گەرووی هورمز یەكێكە لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەكان لە دنیا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی رێژەیەكی زۆری ئەو نەوتەی دەگاتە بازاڕەكان بەو گەرووەدا تێپەڕ دەبێت، كە بەشی زۆری نەوتی دنیا لە كەنداو و عێراق بەرهەم دێت، كە وای كردووە ئێران بە بەردەوام هەڕەشەی داخستنی بكات و دنیاش بەو هۆیەوە تووشی نیگەرانی بووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل