هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سەردانی سعوودیە و قەتەر و ئیماراتی كرد، توێژەرێكی سیاسی پێی وایە سەردانەكە كاریگەریی گەورەی لە سەر تەواوی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستانیش هەیە، ئەگەری هەیە لە داهاتوو كرانەوەی كۆمپانیاكانی كەنداو بە رووی هەرێم ببینین.
یاسین عەزیز توێژەر و شرۆڤەكاری سیاسی رای گەیاند كە سەردانەكەی ترەمپ كاریگەریی گەورەی لەسەر تەواوی ناوچەكە لەوانە عێراق هەیە، بەو پێیەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق.
ئاماژەی كرد، ماوەیەكی دوورودرێژە پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی كەنداو باش و ئەرێنییە، بەتایبەتی لەگەڵ دەوڵەتە سەرەكی و گرنگەكانی وەك سعوودیە و ئیمارات و قەتەر، تەنانەت لەگەڵ وڵاتانی تریش، ئەو وڵاتانەش بە كردەنی وەبەرهێنانیان لە هەرێم هەیە و چالاكیی ئابوورییان هەیە، خواستی فرەوانبوونی زیاتریش لە داهاتوو هەیە.
ئەو توێژەرە روونی كردەوە، رەنگە سەردانەكەی ترەمپ بۆ كەنداو هاندەری ئەو فرەوانبوونە بێت، چونكە دۆخی ئابووری لە ناوچەكە رێك دەخاتەوە و ئەگەری هەیە ژینگەیەكی نوێ بنیات بنێت هانی وڵاتانی كەنداو بدات بۆ زیاتركردنی وەبەرهێنان لە ناوچە ئارام و سەقامگیرەكانی وەك هەرێمی كوردستان.
عەزیز دووپاتی كردەوە كە لە كەنداو وەك نموونەیەكی سەقامگیر و گەنجاو بۆ وەبەرهێنان سەیری هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەوەش بەهۆی بوونی ئاسایش و یاساكانی یارمەتیی وەبەرهێنان دەدەن، بۆیە سەردانەكەی ترەمپ بە نەرێنی كار لە پێوەندییەكانی هەولێر و پایەتەختەكانی كەنداو ناكات، بگرە دەبێتە هۆی خێراكردنی كاروانی هاریكاریی ئابووری لە نێوانیان لە ژینگەیەكی هاندەر بۆ هاوبەشییەكی فرەلایەن.
ئەو شرۆڤەكارە پێی وابوو رەنگە لە قۆناغی داهاتوو كرانەوەیەكی گەورەی كۆمپانیاكانی كەنداو بە ئاراستەی هەرێم ببینین، بە پاڵپشتییەكی سیاسیی دەرەكی و خواستێكی ناوخۆیی بۆ پەرەپێدانی كەرتە نانەوتییەكان.