بە مەبەستی بەشداریكردن لە كارەكانی كۆڕبەندی تاران بۆ گفتوگۆ، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە تاران، بڕیارە لەو سەردانە جیا لە ئامادەبوونی لە كۆڕبەندەكە، چاوی بە بەرپرسانی ئێران بكەوێت و باسی دۆسیە سیاسی و تەناهی و ناوچەییەكان بكەن.
هەینی رابردوو سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە بە مەبەستی بەشداریكردن لە كارەكانی كۆڕبەندی ئەمساڵی تاران بۆ گفتوگۆ، بریارە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی تاران بكات، لە سەردانەكە چاوی بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەكەوێت، جیا لە ئامادەبوونی لە دانیشتنەكانی كۆڕبەندەكە كە لە لایەن ناوەندی توێژینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئێران دێتە سازكردن.
ئەو كۆڕبەندە دوورۆژییە پڕۆژەیەكی دیپلۆماسییە بۆ بەهێزكردنی گفتوگۆ لە ناوچەكە و تاوتوێكردنی ئاڵنگارییە هاوبەشەكان، شاندی زیاتر لە 50 دەوڵەتی دنیا تیایدا بەشداری دەكەن، لەوانە بەرپرسانی باڵا و شارەزایانی سیاسی و تەناهی.
كۆڕبەندی تاران بۆ گفتوگۆ یەكێكە لە دیارترین سەكۆ دیپلۆماسییەكان كە ساڵانە ئێران سازی دەكات بۆ خستنەڕووی دیدی خۆی بەرانبەر بە ئاسایشی ناوچەكە و هاریكاریی لە نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چاوەڕوان دەكرێت بۆ ئەمساڵ لە كۆڕبەندەكە گفتوگۆ لەبارەی شەڕی غەزە و داهاتووی پێوەندییەكانی وڵاتانی كەندا و ئێران و لێكەوتەكانی گۆڕانی ئیدارەی ئەمەریكا بكرێت.