رۆژنامەیەكی ئەمەریكی تیشك دەخاتە سەر هۆكاری هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، لە راپۆرتێكی ئاماژە دەكات كە مەبەستی ئەو هێرشە رێگرتن بووە لە ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانی سعوودیە و ئیسرائیل.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی
"وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی كە پشتی بە چەند بەڵگەنامەیەكی نهێنی بەستووە ئیسرائیل دەڵێ لە تونێلەكانی حەماس لە كەرتی غەزە دەستی كەوتووە، بریتی بوون لە كۆنووسی چەند كۆبوونەوەیەكی سەركردەكانی حەماس لە چەند رۆژێكی بەر لە هێرشەكە.
بەڵگەنامەكان باسی ئەوە دەكەن یەحیا سنواری سەركردەی حەماس لە كەرتی غەزە لە كۆبوونەوەیەك لە 2ی تشرینی یەكەمی 2023، واتە پێنج رۆژ پێش هێرشەكە، باسی پێویستیی ئەنجامدانی هێرشێكی گەوە و جیاوازی كردووە بۆ رێگرتن لە رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی سعوودیە و ئیسرائیل، كە بە شێوەیەكی نیگەرانكار بەڕێوە دەچێت، وریایی داوە لەوەی ئەو رێككەوتنە دەرگە لەبەردەم لێشاوی ئاساییكردنەوەی عەرەبی و ئیسلامی و لەناوچوونی دۆزی فەلەستینی واڵا دەكات.
هەر بەپێی بەڵگەنامەكان، ئەو هێرشە ماوەی دوو ساڵ ئامادەسازی بۆ كراوە، سنوار دووپاتی لەوە كردەوە كاتی هێرشەكە پێویستە بۆ دروستكردنی گۆڕانێكی گەورە لە هاوكێشەی سیاسی لە ناوچەكە بۆ بەرژەوەندیی زیندووكردنەوەی گوڕوتینی دۆزی فەلەستینی، بەڵام هێرشەكە ئەگەرچی پرۆسەی ئاساییكردنەوەكەی پەك خست، بەڵام باجێكی گەورەی هەبوو و بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێكی وێرانكار لە غەزە، كە تا ئێستە زیاتر لە 50 هەزار كوژراوی بەدوای خۆیدا هێناوە.
رۆژنامەكە باسی كۆبوونەوەیەكی تر لە بەیرووت لە هەمان رۆژ دەكات، واتە 2ی تشرینی یەكەمی 2023، كە نوێنەرانی بزووتنەوەی حەماس و بەرپرسانی تەناهیی ئێران بۆ تاوتوێكردنی وردەكاریی هێرشەكە ساز كرا، بەپێی سەرچاوە هەواڵگرییەكان ئێران لەسەر جێبەجێكردنی هێرشەكە رازی بووە، ئەگەرچی بە حەماس و حزبوڵای راگەیاندووە كە نایەوێ بچنە ناو شەڕێكی سەرانسەری لە دژی ئیسرائیل.