پێوەندیی تەلەفۆنیی ترەمپ و پوتین دەستی پێ كرد

:: PM:05:58:19/05/2025 ‌

وەك چاوەڕوان دەكرا، ئەمڕۆ دووشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بە تەلەفۆن لەبارەی شەڕی ئۆكراینا و گەیشتن بە ئاگربەست قسە بكەن، كۆشكی سپی رای گەیاند كە پێوەندیی تەلەفۆنیی ئەوان دەستی پێ كردووە.

هەفتەی رابردوو لە میانی سەردانەكەی بۆ كەنداو ترەمپ رای گەیاند كە رووسیا و ئۆكراینا لە توركیا گفتوگۆی راستەوخۆ دەكەن و هیوادارە بگەن بە رێككەوتن، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆكی رووسیا پێشنیازی كۆبوونەوەكەی كردبوو و سەرۆكی ئۆكرایناش رازی بوو، داوای كرد كە پوتین ئامادەی گفتوگۆكان بێت و ئەو ئامادەیە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵی، بەڵام دواتر پوتین شاندێكی باڵای رووسی رەوانە كرد.
 
دوای گفتوگۆكانی هەینی رابردووی رووسیا و ئۆكراینا لەبارەی ئاگربەست لە شەڕی نێوانیان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە بەنیازە دووشەمی داهاتوو بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بكات و باسی وەستانی شەڕی ئۆكراینا بكەن.

ترەمپ لە پۆستێك لە ترووس سۆشیال نووسیویەتی، دووشەمی داهاتوو لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی رووسیا قسە دەكەم، باسی چەند پرسێك دەكەین لەوانە وەستانی ئەو شەڕەی هەفتانە دەبێتە هۆی كوژرانی پێنج هەزار سەربازی رووسی و ئۆكراینی، هەروەها باسی بازرگانیش دەكەین.

روونی كردەوە، دوای ئەوە  لەگەڵ ڤلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا و ژمارەیەك ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆش گفتوگۆ دەكەم، هیوادارم رۆژێكی بە بەرهەم بێت و تیایدا بگەین بە ئاگربەست و ئەو شەڕە وێرانكەرە بوەستێت، ئەو شەڕەی نەدەبوایە دەستی پێ بكرایە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل