ئەمەریكا پلانی دروستكردنی سیستمێكی نوێی مووشەكیی هەیە و چین هۆشداریی دەدات كە پڕۆژە مووشەكییەكەی ئەمەریكا، سەقامگیریی دنیا لەناو دەبات و داوای لە ئەمەریكا كرد واز لەو پڕۆژەیە بهێنێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ماو نینگ گوتی، ئەم پڕۆژەیەی ئەمەریكا كە 175 ملیار دۆلاری بۆ تەرخان كردووە، هاوسەنگیی ستراتیجی و سەقامگیریی دنیا بەرەو لێوارێكی مەترسیدار دەبات.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا دوای گەڕانەوەی بۆ ئەمەریكا لە گەشتەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پلانی خۆی بۆ دروستكردنی سیستمێكی مووشەكیی نوێ ئاشكرا كرد كە ئامانجی دروستكردنی ئەم مووشەكە، رووبەڕووبوونەوەیە لە هەڕەشە ئاسمانییەكانی نەوەی داهاتوو بۆ سەر ئەمەریكا، وەك بالیستیك و كرووز.
لەمبارەیەوە چین نیگەرانیی رژدی خۆی دەربڕی و داوای لە ئەمەریكا كرد، بە زووترین كات واز لە پەرەپێدان و بڵاوكردنەوەی ئەم سیستمە مووشەكییە نوێیە بهێنن.
ترەمپ لە كۆشكی سپی گوتی، لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و بوونەوەم بە سەرۆكی ئەمەریكا، بەڵێنم بە ئەمەریكییەكان دا كە سیستمێكی لەم جۆرە دروست بكەم، ئێستە خۆشحاڵم كە ئەمەریكا دەستی بەم پڕۆژەیە كردووە و كارێكی لەم جۆرەمان هەڵبژاردووە.
ئاماژەی بەوەیش دا ئەم سیستمە مووشەكییە، بە تەواوی لە ئەمەریكا دروست دەكرێت و تێچووی گشتیی بە نزیكەی 175 ملیار دۆلار دەبێت.
ترەمپ دەڵێت ئامانج لە دروستكردنی ئەم مووشەكە، رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێكی دوورهاوێژ و هێرشە ئاسمانییەكانی وەك بالیستیكی و كرووزە.
سەرەڕای ئەوەی ئەم بڕیارەی ئەمەریكا چینی نیگەران كردووە و داوای پاشەكشەی ئەمەریكا دەكەن، بەڵام ترەمپ زۆر دڵی بەمە خۆشە و دەڵێت ئەمە مێژووێكی نوێیە بۆ ئەمەریكا.