مه‌حما خه‌لیل: سیاسه‌تى سوودانى له‌ به‌رانبه‌ر پێكهاته‌كان ناڕۆشنه‌

:: PM:03:22:31/05/2025 ‌
مه‌حما خه‌لیل په‌رله‌مانتارى عێراق له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا، ره‌خنه‌ حكوومه‌تى عێراق ده‌گرێت بۆ بڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان و ده‌شڵێ، "سیاسه‌تى سوودانى به‌ رواڵه‌ت پشتیوانییه‌ بۆ مافى پێكهاته‌كان، كه‌چى له‌ واقیعدا ناڕۆشنه‌".

ئه‌مڕۆ شه‌موو 31ى ئایار، مه‌حما خه‌لیل په‌رله‌مانتار له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێ، "حكوومه‌تى فیدراڵى پابه‌ند نییه‌ به‌ ده‌ستوور و بڕیاره‌كانى دادگاى فیدراڵى". دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا فراكسیۆن و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان یه‌ك هه‌ڵوێستیان ده‌بێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ داوا ده‌كات حكوومه‌تى سوودانى ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات و ده‌شڵێ، "سیاسه‌تى سوودانى به‌ رواڵه‌ت پشتیوانییه‌ بۆ مافى پێكهاته‌كان، كه‌چى له‌ واقیعدا ناڕۆشنه‌".

ئینجا مه‌حما خه‌لیل له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌ى ئه‌مساڵدا 13 ترلیۆن دیناره‌، كه‌چى هه‌رێم ته‌نیا چوار ترلیۆن دینارى وه‌رگرتووه‌. 

له‌ كۆتایى هه‌فته‌ى رابردوو ته‌یف سامى وه‌زیرى دارایى حكوومه‌تى عێراق به‌ بڕیارێكى له‌ناكاو، مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستانى راگرت. 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل