ئەمڕۆ دووەم گەڕی گفتوگۆی نێوان رووسیا و ئۆكراینا لە ئیستەنبووڵ كۆتایی هات، ئەو گفتوگۆیەی لە 16ی ئایاری رابردوو بە پێشنیازی سەرۆكی رووسیا و بە میانگیریی توركیا دەستی پێ كرد، شاندی هەردوو وڵات لەسەر چەند خاڵێك رێك كەوتن.
ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی هەوڵی رێكخستنی دیدارێكی راستەوخۆ لە نێوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا و ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا بۆ گفتوگۆكردن لە ئەنقەرە یان ئیستەنبووڵ دەدات، جیا لە داوەتكردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئامادەبوون لە كۆبوونەوەكە، بۆیە هەنگاوەكان بۆ سازكردنی ئەو كۆبوونەوە بەردەوام دەبن.
لە دوای كۆتاهاتنی گەڕی ئەمڕۆی كۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندی رووسیا و ئۆكراینا،
رۆستەم عومەرۆڤ وەزیری بەرگریی ئۆكراینا، كە لە كۆبوونەوەكە ئامادە بوو، رای گەیاند كە هەریەك لە كیێڤ و مۆسكۆ لە گفتوگۆی ئەمڕۆ لەسەر ئاڵوگۆڕكردنی تەواوی دیلەكانی شەڕ لەوانەی برینداری سەختن یان ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 25 ساڵە، جیا لە ئاڵوگۆڕكردنی تەرمی شەش هەزار سەربازی كوژراو رێك كەوتن.
زیاتر گوتی، لەسەر ئاڵوگۆڕكردنی دیلە بریندارە سەختەكان و نەخۆشەكان رێك كەوتین، واتە هەموویان بەرانبەر بە هەموویان لای هەردوولا، جیا لەوان ئەو دیلە گەنجانەی تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 25 ساڵە، هەروەها وا رێككەوتین هەردوولا شەش هەزار تەرمی سەربازە كوژراوەكان بۆ لایەنی بەرانبەر بگەڕێنێتەوە.
دووپاتی كردەوە، جیا لەوانە ئۆكراینا پێشنیازی بۆ رووسیا كردووە گەڕێكی تری گفتوگۆ لە نێوان 20 و 30ی حوزەیرانی داهاتوو ساز بكەن، ئەوەش پێویستە بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی گفتوگۆ.
لای خۆیەوە سێرگی كیسلیتسیا جێگری یەكەمی وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا رای گەیاند كە رووسیا پێشنیازێكی كیێڤی بە ئاگربەستێكی بێ مەرجی لە رێگەی گفتوگۆكانی ئیستەنبووڵ رەت كردووەتەوە، لەوكاتەی ڤلادیمێر میدینسكی سەرۆكی شاندی گفتوگۆكاری رووسیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی پێشنیازی ئاگربەستێكی بۆ دوو یان سێ رۆژ و لە چەند بەرەیەكی دیاریكراوی شەڕ بۆ ئۆكرانیا كردووە.