ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بۆ ماوەی 75 خولەك قسەی كرد، ئەوان باسی پەرەسەندنەكانی دۆخی ئۆكراینا و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانیان كرد، ترەمپ دووپاتی كردەوە كە پوتین پێی گوتووە رووسیا وەڵامێكی توندی بۆ هێرشەكانی دوایی ئۆكراینا بۆ سەر فڕۆكەخانەكانی دەبێت.
ئەمشەو
ترەمپ لە ترووس سۆشیال رای گەیاند كە گفتوگۆیەكی باشی لەگەڵ پوتین ئەنجام داوە، بەڵام لەو جۆرە نییە كە ببێتە هۆی ئاشتییەكی بەپەلە، لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكە سەرۆكی رووسیا بە توندی نیازی رووسیای بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكەی دوایی ئۆكراینا دەربڕی، كە ژمارەیەك فڕۆكەی سەربازیی رووسیای كردبووە ئامانج.
روونی كردەوە، هەروەها لەگەڵ پوتین دۆسیەی ئێرانمان تاوتوێ كرد، باسی ئەوەم كرد كە خەریكە كاتەكە بۆ بڕیاردانی كۆتایی لە لایەن ئێران لەبارەی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی كۆتایی دێت، بە پوتینم راگەیاند كە نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی و پوتینیش لەو خاڵە هاوڕا بوو، ترەمپ گوتی، پوتین ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریكردنی لە گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران دەربڕی، بۆ بینینی رۆڵێك بۆ خێراكردنی گەیشتن بە چارەسەری، لەوكاتەی ترەمپ نیگەرانیی خۆی لەبارەی خاوەخاوەكردنی ئێران لە وەرگرتنی بڕیاری كۆتایی لەو دۆسیە پێشان دا.
لەوكاتەی ترەمپ باسی ئەوەی كرد كە پێویستە ئێران لە ماوەیەكی زۆر نزیك وەڵام بداتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ زیادبوونی گوشاری دیپلۆماسی لەو دۆسیە، یۆری ئۆشاكۆڤ یاریدەدەری سەرۆكی رووسیا بۆ سیاسەتی دەرەوە رای گەیاند، ئەمڕۆ چوارشەم پوتین و ترەمپ بە تەلەفۆن تاوتوێی دۆخی ئۆكراینایان كرد، باسی هێرشەكانی دوایی و گفتوگۆكانی ئیستەنبووڵیان كرد، جیا لە باسكردنی دۆسیەی ئێران، پێوەندییە تەلەفۆنییەكەیان ئەرێنی بوو و لەسەر بەردەوامیدان بە پێوەندییەكانیان رێك كەوتن.