بەهۆی شەپۆلی گەرماوە 13 حاجیی ئێرانی گیانیان لەدەست دا

:: PM:04:28:07/06/2025 ‌

کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانی ڕای گەیاند، بەهۆى شەپۆلى گەرما 13 حاجیی ئێرانی لە وڵاتی سعوودیە گیانیان لەدەست داوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی هۆشدارییەکان لە مەترسییەکانی بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما بۆ ئاستێکی پێوانەیی کە گەیشتووەتە 47 پلەی سەدی.

ئەمڕۆ شەموو، حەوتى حوزەیران، کۆمەڵەى مانگى سوورى ئێرانى ڕاى گەیاند، 13 حاجیی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەست داوە، داواش لە حاجییان دەکات خۆیان لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بەدوور بگرن، بڕێکی زۆر ئاو بخۆنەوە، جلوبەرگی کاڵی لۆکە لەبەربکەن و لە کاتەکانی نیوەڕۆدا چەتر بەکاربهێنن یان لە شوێنی سێبەردا بمێننەوە.

ناوەندە پزیشکییەکانی ئێران لە شارەکانى مەکە و مەدینە دەڵێن، تا ئێستە زیاتر لە 138,900 سەردانی پزیشکییان تۆمارکردووە، کە زیاتر لە 96 حاڵەتی مەترسیداریان لە عەرەفات و 41 حاڵەتی تریان لە مینا بووە، هەروەها بارودۆخی هەندێک لە حاجییەکانیش باش نییە و لەژێر چاودێریی پزیشکی دان.

کۆمەڵەکە هۆشداریی داوە، لەکاتى دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک سەرگێژخواردن، دڵتێکەڵهاتن و خێرالێدانی دڵ، پێویستی بە چارەسەری پزیشکیی بەپەلە هەیە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی حاجییانی ئێرانی ئەمساڵ نزیکەی 86,700 کەسە.


وشە - رزگار خدر