هێزەكانی حەشدی شەعبی تەقە لە كۆمەڵێك منداڵ دەكەن و یەكێكیان دەكوژن

:: AM:09:21:10/06/2025 ‌
هێزەكانی حەشدی شەعبی تەقە لە كۆمەڵێك منداڵی گوندی بریجی شارەدێی عەباسییە دەكەن و یەكێكیان دەكوژن.

لە ماوەی رابردوودا حەشدی شەعبی دووجار تەقەیان لە خەڵكی سڤیلی شارەدێی عەباسییەی سەربە شارۆچكەی حەویجە كردووە كە زۆربەیان سوننەنیشینن، دانیشتووانی ناوچەكەش رایان گەیاندووە كە ئەوە چەندان جارە ئەو هێزە بە هەڕەمەكی تەقە دەكات و خەڵكی سڤیل دەكاتە ئامانج.
 
كۆمەڵێك منداڵی گوندی بریجی سەربە شارەدێی عەباسییە كە هاوسنوورن لەگەڵ پارێزگای سەڵاحەدین، لە بەردەم ماڵی خۆیان لەلایەن هێزەكانی حەشدەوە تەقەیان لێ دەكرێت و دەمودەست "موهەنەد"ی تەمەن 11 ساڵان گیان لە دەست دەدات.

خەڵكی گوندەكە بۆ "عێراقییە" قسەیان كردووە كە ئەوە چەندان جارە هێزەكانی حەشدی شەعبی، هەر لەخۆوە شەوانە تەقە لە خەڵكی سڤیل دەكەن و تاكە هۆكاریشیان مەزەوییە و ئەوان شیعەن و خەڵكی گوندەكەش سوننەن.

گوندی برێج سەربە پارێزگای كەركووكە، دەكەوێتە شارەدێی عەباسییەی شارۆچكەی حەویجە و هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتووانەكەی لە عەرەبی سوننەمەزەو پێكهاتوون.

بەپێی زانیاریی میدیاكان، تا ئێستە بەرپرسانی حكوومەت لەوبارەیەوە هیچ روونكردنەوەیەكیان نەداوە و هاوكات تەقەكەرانیش رووبەڕووی یاسا نەكراونەتەوە. گرووپەكانی حەشد خۆیان لە سەرووی یاسا دەبینن و مل بۆ هیچ دامەزراوەیەكی حكوومەت نادەن.



وشە - سۆران عەزیز