"پێوەندیی بەغدا و هەولێر هاوبەشییە و هیوادارین بەمزووانە حكوومەتی هەرێم پێك بێت"

:: PM:06:19:10/06/2025 ‌

ئەمڕۆ محەمەد حەسان نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق راپۆرتێكی لەبارەی دۆخی عێراق لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش خستە روو، ئەو باسی لە چارەنووسی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و دۆخی ناوخۆ و هەڵوێستەكانی عێراق كرد، باسی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و دۆخی ئێزدییەكانیشی كرد.

لەبارەی پرسە ناوخۆییەكانی عێراق، حەسان پێوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی بە هاوبەشی وەسف كرد و گوتی، پێویستە هاوبەشی و لێكتێگەیشتنی زیاتر لە نێوانیان هەبێت، دەبێت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە گوێرەی دەستوور چارە بكرێن، پێوەندیی بەغدا و هەولێر هاوبەشییەكە پێویستیی بە گفتوگۆی بەردەوام و پێكەوەكاركردن هەیە، هیوای خواست بەمزووانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێتە پێكهاتن.

لەبارەی دۆسیەی ئێزدییەكان ئاماژەی كرد، تا ئێستە 100 هەزار ئێزدی بەهۆی ئاسایینەبوونەوەی دۆخی ناوچەكانیان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و لە كەمپەكان ماون، ئەوان زۆر زیانیان بەر كەوتووە بە شێوەیەك ناتوانم پێناسەی بكەم، داوا لە عێراق و هەموو وڵاتانی دراوسێ دەكەم، كە هەموو رێككارەكان بگەرنەبەر بۆ ئەوەی ئێزدییەكان بپارێزرێن و بە سەربەرزی و كەرامەتەوە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

لەبارەی كۆتاهاتنی ئەركی یۆنامی لە عێراق گوتی، نووسینگەكانی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە مووسڵ و كەركووك داخراون، وەك سەرەتایەك بۆ كۆتاهاتنی تەواوەتیی ئەركی یۆنامی لە عێراق لە ماوەی شەش مانگی داهاتوو، دووپاتی كردەوە كە رێكخراوەكە تا دوای كۆتاهاتنی ئەركەكانیشی لە عێراق لە پاڵپشتیكردنی عێراق بەردەوام دەبێت.

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق وریایی لە رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوەكە بۆ تەنگژەیەكی مەترسیداری دارایی دا، لەگەڵ ئەوەش پابەندە بە پاڵپشتیكردنی عێراق، ئاماژەی بۆ متمانەی بە خۆڕاگریی گەلی عێراق كردەوە و عێراقی بە وڵاتێكی دێرین و رۆڵی وەك دامەزرێنەرێكی نەتەوە یەكگرتووەكان لەقەڵەم دا.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل