لە دوای هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، دۆخی ناوچەكە بە تەواوەتی گۆڕا، ئەو ئیمپراتۆریەتەی ئێران لە ناوچەكە دروستی كردبوو بە هاوشێوەی پوولی دۆمینۆ بەسەریەكدا كەوتن، بەهێزترین دوو ئامرازی ئێران لە ناوچەكە لەناو چوون، ئەوانیش حزبوڵای لبنانی و رژێمی بەشار ئەسەد بوون، فەرماندەیەكی سەربازیی ئەمەریكا ئاماژە دەكات كە ئێستە گرووپەكانی سەر بە ئێران لە لاوازترین دۆخدان.
جەنەراڵ مایكل كۆڕێلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا رای گەیاند، ئێستە گرووپەكانی سەر بە ئێران لە ناوچەكە لە لاوازترین دۆخیاندان و كێشەی گەورە حوسییەكانن، دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەیەكی توند بۆ رێگرتن لە ئێران لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا فەرمان بكات.
روونی كردەوە، ئێستە ئەمەریكا لەبەردەم هەلێكی ستراتیجییە بۆ رێگرتن لە ئێران لە دەستكەوتنی چەكی ئەتۆمی، بۆیە پەنابردن بۆ رێگەچارەی سەربازی لەگەڵ ئێران بژارەیەكی بەردەستە و چەندان بژارەمان داوەتە سەرۆكی ئەمەریكا و وەزیری بەرگری بۆ مامەڵكردن لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمیی تاران.
شایەنی باسە هاوكات لەگەڵ چەقبەستنی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریكا و ئیسرائیل هەڕەشەیەكی رژد لە ئێران دەكەن لە ئەگەری رەتكردنەوەی پێشنیازێكی ئەمەریكا لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێران، وای وێنا دەكەن شەڕ و هێرش بژارەی شوێنگرەوەی بەبنبەستگەیشتنی گفتوگۆكانە.