شارەزایەك: مەبەستی ئیسرائیل سازشپێكردنی ئێرانە لە گفتوگۆكان

:: PM:11:21:14/06/2025 ‌

دوای هەڵكردنی گڵۆپی سەوز لە لایەن ئەمەریكا، دوو رۆژە ئیسرائیل گەورەترین گورزی لە ئێران وەشاندووە، دەیان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و زانای ئەتۆمیی ئەو وڵاتەی كوشتووە و دەیان پێگەی گرنگیشی وێران كرد، ئەوە لەوكاتەی پێنج گەڕی گفتوگۆی ناراستەوخۆی ئێران و ئەمەریكا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بەڕێوە چووە و بەردەوامە، شارەزایەك پێی وایە مەبەستی ئیسرائیل سازشپێكردنی تارانە لە گفتوگۆكانی لەگەڵ ئەمەریكا.

موجاشع تەمیمی شارەزای ستراتیجی دەڵێت، ئەو گورزەی دوایی ئیسرائیل لە ئێرانی وەشاند بنەمای كۆنی رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوولای شكاند، پێچەوانەی وریاكردنەوەی سەركردەكانی پێشووی ئیسرائیل بوو، لەوانە شەمعوون پێرێز، هێرشەكەی دوایی ئیسرائیل بۆ رووخانی رژێمی ئێران نەبوو، بەڵكو بۆ ناچاركردنی بوو بۆ قبووڵكردنی رێككەوتنێكی گشتی و توانا ئەتۆمی و بالیستییەكانی سنووردار بكات.

روونی كردەوە، ئیسرائیل تەنیا بە ئامرازە سەربازییەكانی شەڕەكە ناكات، بەڵكو بە شێوەیەكی پیشەگەرانە سوود لە میدیا دەبینێت و بە مەبەست زیانە مەدەنییەكان پێشان دەدات بۆ بەدەستهێنانی سۆزی رای گشتیی نێودەوڵەتی، ئەو ستراتیجیەتەش سوودی هەبوو و توانی هەڵوێستی سەرۆكی ئەمەریكا لە بێلایەنی بۆ پاڵپشتیی ئاشكرا بگۆڕێت، دوای ئەو پایەتەختە كاریگەرەكانی رۆژئاوا بە هەمان شێوە، لە هەنگاوێك هاوسەنگی هێز لە ناوچەكە و دنیا دادەڕێژێتەوە.

دووپاتی كردەوە، ئێستە تەلئەبیب پرەنسیپی سەپاندنی ئاشتی بە زەبری هێز پێڕەو دەكات، واتە هەمان رەوتی مامەڵەكردنی رۆناڵد رێگن سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا بەرانبەر بە یەكێتی سۆڤیەت، كە باوەڕی بەوە هەبوو بەرپەرچدانەوە كورترین رێگەیە بەرەو سەقامگیری، لە بری سازشكردن یان پەرەسەندنی كراوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل