وێنە و وردەكاری: مووشەکی ئێرانی لە نەینەوا و سەلاحەددین کەوتووەتە خوارەوە

:: AM:01:03:15/06/2025 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەم 15ی حوزەیران لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین پاشماوەی چەند مووشەکێکی ئێرانییان بەخۆیەوە بینی بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.


نەینەوا
سەرچاوەیەکی تەناهی لە نەینەوا  بە ئاژانسی شەفەق نیوزی راگەیاند پاشماوەی مووشەکێک لە ناوچەیەکی دوورەدەستی سەر بە ناحیەی تەل عەبتە لە ڕۆژئاوای مووسڵ کەوتووەتە خوارەوە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە مووشەکەکە بە دیاریكراوی لە گوندی "تەل عجور" کەوتووەتە خوارەوە، کە ناوچەیەکی چۆڵەوانییە و دانیشتوانی تێدا نییە و پاشماوەی مووشەكەكەیش لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە دۆزراوەتەوە.

سەلاحەددین "دووزخورماتوو"
هاوکات لە پارێزگای سەلاحەددین، سەرچاوەیەکی تری تەناهی ڕای گەیاند کە "پارچەی مووشەکێکی نەناسراو" لە دەوروبەری شارۆكەی دووزخورماتوو لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکە کەوتووەتە خوارەوە.

لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە پاشماوەکە هی مووشەکێکی دوورهاوێژە "بالیستی" کە ئەمشەو لە چوارچێوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هاوێژراوە.

سەرچاوەکە دووپاتی كردەوە هەرچەندە ڕووداوەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام "دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێی" لەناو دانیشتووانی ناوچەکەدا دروست کردووە.

هێزە تەناهییەكان گەمارۆی شوێنی ڕووداوەکەیان داوە و تیمە تایبەتمەندەکانی ئەندازیاریی سەربازی دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە جۆر و ئاراستە و سەرچاوەی مووشەکەکە.



وشە - پۆڵا مەحموود