شەڕ چووە قۆناغێکی نوێوە؛ ئێران بە مووشەکی هایپەرسۆنیک هێرشی کرد

:: AM:01:35:15/06/2025 ‌
ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم 15ی حوزەیران، دەستپێکردنی كاروانێكی نوێی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆیانە 3"دا بۆ سەر ئامانجە ستراتیجییەكانی ناو ئیسرائیل ڕاگەیاند. لە بەرانبەریشدا، ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و کۆگایەکی سەرەکیی سووتەمەنی لە ڕۆژئاوای تارانی پایتەخت کردە ئامانج.

ئۆپراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆیانە 3"
بەڕێوەبەرایەتیی پێوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا پشتڕاستی کردەوە کە هێزی ئاسمانیی پاسداران، "كاروانێكی نوێی هێرشیان بە بەکارهێنانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە ئۆپراسیۆنێکی هێرشبەریی هاوبەشدا" دەستپێکردووە، وەک وەڵامێک بۆ "دەستدرێژییەكانی قەوارەی زایۆنی."

ئاژانسی مێهری ئێرانی ئاشکرای کرد کە هێرشەکە بە دروشمی "یا عەلی ئیبن ئەبی تالیب" ئەنجامدراوە و هاوکاتە لەگەڵ شەوی جەژنی غەدیر، کە بە گوتەی ئاژانسەکە "پەیامێکی سیمبوولی و سیاسی" هەڵگرتووە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە لە هێرشەکاندا مووشەکی هایپەرسۆنێك "سەروو دەنگ"و مووشەکی "عیماد" و "خەیبەر" بەکارهێنراون و ئامانجەکانیان لە حەیفا و تەلئەبیب پێکاوە و توانیویانە رادارەكانی بەرگریی ئیسرائیل ببەزێنن.

وەڵامی ئیسرائیل و زیانەکان
لای خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل ددانی بەوەدانا کە ناوچەکانی باکور بەتایبەت شاری حەیفا، رووبەڕووی شاڵاوێكی مووشەکی ئێران بوونەتەوە و سێ کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

لە بەرانبەریشدا دەستەی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل ڕای گەیاند کە هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیان هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەی ئەنجامداوە و کۆگایەکی سەرەکیی سووتەمەنییان لە ناوچەی "شەهران" لە ڕۆژئاوای تاران کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی تەقینەوەی گەورە و ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان.

ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە دوای کەمتر لە48  سەعات دێت لە هێرشە بەرفراوانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ستراتیجییەكانی ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران.


وشە - پۆڵا مەحموود