بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمەریکی، ئامانجی ئیسرائیلی لە هێرشکردنە سەر ئێران ئاشکرا کرد. دووپاتی لەوە کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان تا لەناوبردنی تەواوی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ یەكشەم، 15ی حوزەیرانی 2025، نەتەنیاهۆ بۆ كەناڵە ئەمەریكییەكە گوتی، بەردەوام دەبین لە ئەرکەکەمان بۆ لەناوبردنی هەڕەشە دوولایەنەکەی ئێران، کە بریتیین لە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی و مووشەکە بالیستییەکانی.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەیشی گوت، هێرشەکان بۆ سەر ئێران کاتێک کۆتایی دێت، کە توانا ئەتۆمییەکەی لەناو ببەن و ئەم کارەش دەکەن.
لەبارەى دانوستانەکانیش گوتی، "دانوستانە ئەتۆمییەکان ئەو کاتە شایەنی ئەنجامدانن کە ئێران واز لە تواناکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت".
لە بەشێكی تری قسەكانیدا نەتەنیاهۆ ئەم زانیارییانەی ئاشكرا كرد:
- دامەزراوەی ئەتۆمیی ئەسفەهان وێران كراوە، بێ ئەو دامەزراوەیە ئێران ناتوانێت بگات بە چەکی ئەتۆمی.
- فەرماندەی هەواڵگریی سوپای پاسداران كوژراوە.
- هەواڵگرییەکانمان پێیان گوتین کە ئێران ویستوویەتی چەکی ئەتۆمی بگوازێتەوە بۆ حووسییەکان.