دوای ئەوەی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان ئاشكرای كرد، كە نامەیەكی ئاراستەی دادگای فیدراڵ كردووە لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، گوتەبێژی حكوومەت ناوەڕۆكی نامەكەی ئاشكرا كرد.
ئەمڕۆ چوارشەم، 18ی حوزەیرانی 2025، پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی ناوەڕۆكی نامەكەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، ئەو نامەی كە نێردراوە داوا دەكات دادگای فیدراڵ بڕیارێك بدات، مووچەخۆرانی كوردستان چیتر لە زەحمەت و ململانێ نەبن، چونكە دەستوور و هەموو یاساكانی عێراق رێ بەوە نادەن.
ڕوونیشی كردەوە، چاوەڕوانی بڕیاری دادگا دەكەین، هەموو ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن بڕیارەكانی دادگا لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران بێت و بڕیاری راگرتنی مووچە بە نایاسایی لە قەڵەم بدات.
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەناڵی كوردستان24 گوتی، لە نامەكەدا دووپات كراوەتەوە فەرمانبەرانی كوردستان نەخرێنە ناو زەحمەتی چیتر و بڕیارەكەیش بۆ هەموو مانگێكە نەك تەنیا مووچەی مانگی ئایار.
عێراق بەبێ هیچ بیانوویەك مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانی راگرتووە، لە كاتێكدا بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو پابەندییەكان جێبەجێ كراوە تا مووچەی فەرمانبەران دوا نەخرێ.