دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەمڕۆ چوارشەم، 18ی حوزەیرانی 2025، لە چەند لێدوانێکى نوێیدا، چەندان خاڵی هەستیاری لەبارەى دۆخی ئێران و بڕیارەکانی داهاتووی ئاشکرا کرد و لەمبارەیشەوە رای گەیاند، كەمێكی تر لە ژووری ئۆپەراسیۆنەكان لە کۆشکی سپی کۆ دەبنەوە.
لەبارەی دوا گۆڕانكارییەكانەوە، سەرۆكی ئەمەریكا گوتی، بیرۆکەم هەیە لەبارەى ئێران، بەڵام من بڕیارەکانم لە دوا ساتەکاندا دەدەم و ئاشكرایشی كرد، هێشتا بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئێرانەوە نەداوە.
لە بەشێكی تری قسەكانیشدا، سەرۆكی ئەمەریكا ئەوەی گوت كە ئێران دەیەوێت لەگەڵماندا کۆببێتەوە، ئێمەش ئەوە دەكەین.
لە درێژەی قسەكانیدا دۆناڵد ترەمپ ئەوەیشی گوت، نامانەوێت لە جەنگ تێوەبگلێین لەگەڵ ئێران. هاوكات راشی گەیاند، دەكرێت و دەشێ كۆماری ئیسلامیی ئێران بكەوێت و پلانمان بۆ دوای كەوتنیشیان هەیە.
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆكی ئەمەریكا گوتی، ئیسرائیل لە جەنگەكەی بەرانبەر ئێران سەردەكەوێت.