ئەمڕۆ شەشەم رۆژی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە هاوشێوەی رۆژەكانی تر بەڕێوە چوو، ئیسرائیل دەیان هێرشی ئاسمانی كردە سەر ئامانجەكانی ئێران و ئێرانیش دەیان مووشەكی گرتە خاكی ئیسرائیل، ئەوە لە پاڵ هەڕەشەكانیان بۆ سەر یەكتر، لە بەرانبەر بە شەڕی ئەو دوو لایەنە، سەرۆكی ئەمەریكا لە بگرە و بەردەی قسەكانی لەبارەی ئێران بەردەوەام بوو، دواجار گوتی رووخانی رژێمی تاران ئەگەرێكە و شوێنگرەوەیمان هەیە، ئەو دووپاتی كردەوە كە هەفتەی داهاتوو یەكلای دەكاتەوە، لەوكاتەی بەپێی زانیارییەكان كۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای سەربازیی واشنتن و تەلئەبیب لەبارەی ئێران بەردەوامە.
میدیاكانی ئیسرائیل ئاشكرایان كرد، بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئیسرائیل و ئەمەریكا كۆبوونەوەی نهێنیان لەبارەی ئێرانەوە ساز كردووە، ئەوان زانیارییان لەبارەی ئەنجامی هێرشی چەند رۆژەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاڵوگۆڕ كردووە، ئەوەش لە سەروبەندی ئەگەری بەشداریكردنی ئەمەریكا لە هێرشەكە.
لەو كۆبوونەوانە هەڵسەنگاندنی سەربازی بۆ ئامانجە بۆردمانكراوەكانی ئێران كراوە، جیا لەو ئامانجانەی ئیسرائیل بەنیازە لە چەند رۆژی داهاتوو هێرشیان بكاتە سەر، هەروەها ئەو وانانەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە هێرشەكانی دوایی فێری بوو.
بەپێی سەرچاوەیەكی سەربازیی ئیسرائیلی لەپاڵ هاوبەشیكردنی ئەمەریكییەكان لە بابەتە هەواڵگرییەكانی پێوەست بە پڕۆژەی ئەتۆمیی تاران، ئیسرائیل هەوڵ دەدات ئەمەریكییەكان بە باشترین شێوە ئامادە بكات بۆ بەشداریكردن لە هێرشەكانی سەر ئێران، بۆیە هەر كاتێك سەرۆكی ئەمەریكا بڕیارەكەی دا، ئەمەریكییەكان دەتوانن بەپەلە جموجۆڵ بكەن، ئێمە تەواوی زانیارییەكانمان بەوان داوە و رێگەمان بەرەو تاران بۆ واڵا كردوون.