ئێران: بانگەشەکەی ترەمپ بۆ گفتوگۆ راست نییە و بەهۆی شكستی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانەوەیە

:: PM:11:06:18/06/2025 ‌
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەبارەى ئەگەری گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، ئەو بانگەشەیەی بە "ناڕاست" وەسف کرد.

ئاژانسە فەرمییە ئێرانییەكە نووسیویەتی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، چەند خولەکێک لەمەوبەر بانگەشەی ئەوەی کرد، کە بەرپرسانی دیپلۆماسیی ئێران داوای گفتوگۆیان لێ کردووە و ئەویش ئارەزووی ئەو بابەتەی هەیە.

ئاژانسەکە لە زاری "سەرچاوە ئاگادارەکانەوە" بڵاوی كردووەتەوە، هۆکاری دووبارەکردنەوەی ئەم بانگەشانە لەلایەن ترەمپەوە، شکستی ئیسرائیلییەكانە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و داهاتووە تاریکەکەیانە بۆ بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنەکان.

سەرچاوەکان بۆ تەسنیم دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، ئێران ڕای گەیاندووە کە سزادانی زایۆنیستەکان بەردەوام دەبێت، ناڕاستیی بانگەشەکەی ترەمپیش لەبارەى ئەم گفتوگۆیانە چەندان جار سەلمێنراوە.

هەمان سەرچاوەکان ئەوەیشیان گوتووە، قسەکانی ترەمپ لەبارەى گفتوگۆ، لە بنەڕەتدا ئۆپەراسیۆنێكی دەروونییە لەبارەى کۆمەڵگەی ئێران و تەنیا تەواوکەری کردەوە تیرۆریستییەکانی ئيسرائيليیەكانە. لە کاتێکدا ئیسرائیلییەكان دەستپێشخەری دەستدرێژیی سەربازی بوون و بانگەشەکانی پێشووی ترەمپیش لەبارەى گفتوگۆ، تەنیا پێشەکییەک بوو بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییە، بانگەشە نوێیەکانیشی هەر لەم چوارچێوەیەدا هەڵدەسەنگێنرێن.

ئەم لێدوانانەی تەسنیم ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی فەرمیی ئێرانە، کە هەر جۆرە دانوستانێک لەژێر فشاری سەربازیدا ڕەت دەکاتەوە و بانگەشەکانی ترەمپ بە هەوڵێک بۆ شێواندنی ڕای گشتی و شاردنەوەی "شکستەکان" دادەنێت.


وشە - پۆڵا مەحموود