وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا رای گەیاند، كە تا ئێستە تەنیا وەڵامی ئیسرائیلمان داوەتەوە نەك ئەوانەی هاندەر و یارمەتیدەریین و ئاماژەیشی داوە كە ئێران بە شانازیی و ئازایەتییەوە بەردەوام دەبێت لە پێڕەو كردنی مافی بەرگری كردن لە خۆی و وایش دەكەین "دەستدرێژیكار" پەشیمان ببێتەوە و باجی هەڵە گەورەكەی بدات.
ئەمشەو چوارشەم 19ی حوەزیران، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە توێتێكدا رای گەیاند، ئێران تەنیا بۆ بەرگری لە خۆی هەنگاو دەنێت. تەنانەت لەبەرانبەر قێزەونترین دەستدرێژی دژی گەلەکەمان تا ئێستا تەنیا وەڵامی رژێمی ئیسرائیلی داوەتەوە و نەک ئەو لایەنانەی کە یارمەتیدەر و هاندەرین.
لە درێژەی تویتەكەی عەباس عێراقچیدا هاتووە، ئێران بە کردەوە ئەوەی سەلماندووە كە ئێمە هەرگیز هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیمان نەداوە و هەرگیزیش هەوڵی بۆ نادەین. ئەگەر وانەبوایە، چ پاساوێک لە دەستدرێژییەکەی ئێستای رژێمی خاوەن چەکی ئەتۆمیی ناوچەکە باشتر بوو بۆ پەرەپێدانی ئەو چەکە نامرۆڤانانە؟
لە درێژەی پەیامەكەی عێراقچیدا ئەوەیش هاتووە كە ئێران بە شانازی و ئازایەتییەوە بەردەوام دەبێت لە پێرەوكردنی مافی بەرگری لە خۆی وایش دەکەین" دەستدرێژیکار" پەشیمان ببێتەوە و باجی هەڵە گەورەکەی بدات.
لە كۆتایی پەیامەكەی عێراقچیدا هاتووە، جگە لە رژێمی داگیرکەری ئیسرائیل، ئێمە وەك پێشوو، پابەندین بە رێگەی دیپلۆماسییەوە و ئاماژەیشی دا ئێمە لە ڕوانگەماندا رژدین و ڕوومان لە داهاتووە.