رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵی ئەمەریكی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان لە گفتوگۆکان رای گەیاندووە کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، درەنگانی ڕۆژی سێشەم بە گەورە ڕاوێژکارانی گوتووە "پلانی هێرشکردنە سەر ئێرانی پەسەند کردووە" بەڵام بڕیارەکەی ڕاگرتووە بۆ ئەوەی ببینێت ئایا تاران واز لە پرۆگرامی ئەتۆمیی خۆی دەهێنێت یان نا.
دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ، کە زۆر بە باشی پارێزراوە، یەکێکە لە ئامانجە ئەگەرییەکانی ئەمەریکا؛ ئەم دامەزراوەیە لەژێر شاخێکدا دروستکراوە و بە گشتی لەلایەن شارەزایانی سەربازییەوە وا دادەنرێت کە تەنیا بەهێزترین جۆری بۆمب دەتوانێت پێی بگات.
لێدوانە دژبەیەکەکانی ترەمپ
کاتێک پێشتر پرسیاری لێکرابوو ئایا بڕیاری داوە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ترەمپ گوتبووی: "ڕەنگە بیکەم، ڕەنگە نەیکەم." هەروەها دووپاتی کردبووەوە کە داوای خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێران دەکات و راشی گەیاند بوو: "هەفتەی داهاتوو زۆر گەورە دەبێت، لەوانەیە کەمتر لە هەفتەیەک."