سەرچاوەیەکی تەناهی شەوی چوارشەم لەسەر پێنجشەم، ڕای گەیاند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، کە پێدەچێت سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بێت، لە کوێتەوە هەستاوە و ئاسمانی عێراقی بەزاندووە، و ئۆپەراسیۆنێکی "هەواڵگری" لە ئاسمانی ناوچەکانی باشووری عێراق ئەنجامداوە.
سەرچاوەکە بە
ئاژانسی شەفەق نیوزی عێراقی گوتوە، فڕۆکەکە لە سەعات 22:45 ی شەوی چوارشەم بینراوە کاتێک لەلای بنکەی سنووریی "حەکیم"ەوە هاتووەتە نێو ئاسمانی عێراق، پاشان بەردەوام بووە لە ڕێگاکەی تا "بنکەی ئەبو موسا" و دواتر دەستی بە ئۆپڕاسیۆنێكی "هەواڵگری" کردووە کە نزیکەی 10 خوولەکی خایاندووە لە دەوروبەری بنکەی دەریایی، ناوچەی بوکا و ڕێگای بازنەیی تا گەیشتووەتە بازگەی شەهید ناتق.
سەرچاوەکە ئەوەیشی گوتووە، زانیارییە سەرەتاییەکان لە هێزی دەریایی عێراقەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە فڕۆکەکە سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە کە لە کوێت جێگیرن.