ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا، ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی حوزەیرانی 2025، سەبارەت بە پەرەسەندنە بەردەوامەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ڕای گەیاند کە وڵاتەکەی پێوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا هەیە. هەروەها دووپاتیشی کردەوە کە مۆسکۆ دەستپێشخەریی هێورکردنەوەی دۆخەکە پێشکەش بە هەردوولا دەکات.
پوتین لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "ڕووسیا لە دوورییەکی یەکسانەوە لە هەموو لایەنەکانی ململانێکە وەستاوە و لایەنێکی بێلایەنە لەم شەڕەدا." ئاماژەی بەوەیش کرد کە وڵاتەکەی کۆمەڵێک بیرۆکەی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئێستا و دوورکەوتنەوە لە خلیسکانە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گشتگیر لە ناوچەکەدا پێشکەش کردووە.
لێدوانەکانی پوتین لە کاتێکدایە کە ئاڵوگۆڕی هێرشەکان لە نێوان تاران و تەلئەڤیڤ خێراتر بووە، لەناو نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکاندا سەبارەت بە تەقینەوەی ململانێیەکی هەرێمیی بەرفراوان کە ڕەنگە لایەنی تریش بگرێتەوە.