ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە کە تاران ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی حوزەیران بەرپرسە باڵاكەی
وەزارەتی ئێران کە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، گوتوویەتی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئامادەیە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیلدا.
جێگەی ئاماژەیە، ئەم زانیارییە لە کاتێکدایە کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، بە ئاشکرا هەر جۆرە گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئەمەریکادا ڕەت کردووەتەوە.
پێشووتریش دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا لە درەنگانی شەوی رابردوو "بەكاتی كوردستان" ئەوەی راگەیاند بوو كە ئێران دەیەوی لەگەڵی كۆببینەوە و ئەمەیش دەكەین، هەرچەندە ئاژانسە فەرمییە هەواڵییەكانی ئێران تێكڕا ئەم بانگەشەیەی ترەمپیان بە "ناڕاست" وەسف كردبوو و هێشتا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن ئێران یان ئەمەریکاوە لەسەر ئەم هەواڵە نەدراوە.