یه‌سرائیل كاتز وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل رای گه‌یاند، فه‌رمانیان به سوپا كردووه هێرشه‌كان به‌گوڕتر بكه‌ن و شوێنی زیاتری ستراتیجی و ناوه‌نده حكوومییه‌كانی ئێران بكه‌نه ئامانج، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان بۆ سه‌ر ئیسرائیل بڕه‌وێنه‌وه و ده‌سه‌ڵاتی ئایه‌توڵاكان لاوازتر ببێت.
وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل ئه‌مڕۆ له كاتێكدا ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی كرد كه به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م، نه‌خۆشخانه‌یه‌كی وڵاته‌كه به مووشه‌كی ئێرانی كرایه ئامانج و ده‌یان كه‌س بریندار بوون.
ئه‌و گوتی، ''دیكتاتۆره ترسنۆكه‌كه‌ی ئێران، له قووڵایی په‌ناگه‌یه‌كی قایم خۆی حه‌شار داوه و به‌رده‌وام مووشه‌ك ده‌گرێته نه‌خۆشخانه و شوێنه‌كانی نیشته‌جێبوون.''
یه‌سرائیل كاتز پێی وایه ئه‌وه‌ی روو ده‌دات، كاره‌ساتبارترین تاوانی جه‌نگه و خامنه‌یی ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌و تاوانانه بداته‌وه.
پێویسته بگوترێ تۆڕی فریاكه‌وتنی ئیسرائیل رای گه‌یاند، له ئاكامی هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئێران بۆ سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی ته‌لئه‌بیب، 65 كه‌س بریندار بوون.
جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و ئێران له به‌ره‌به‌یانی هه‌ینیی 13ی مانگه‌وه به ده‌ستپێشخه‌ریی ئیسرائیل ده‌ستی پێ كردووه. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م حه‌وته‌م رۆژی جه‌نگه و له رۆژانی رابردوودا ئیسرائیل جگه له‌وه‌ی كه ژماره‌یه‌كی زۆر له فه‌رمانده باڵاكانی ئێرانی كوشتووه، لانی كه‌م 15 زانای ئه‌تۆمی له‌ناو بردووه و ژماره‌ی كوژراوانی ئێران گه‌یشتووه‌ته سه‌رووی 500 كه‌س. هاوكات ژێرخانی سه‌ربازیی ئێرانی وێران كردووه. ئیسرائیل به فه‌رمی رای گه‌یاندووه كه ئاسمانی ئێرانی به ته‌واوی كۆنترۆڵ كردووه.
له به‌رانبه‌ردا ئێران به‌و مووشه‌ك و درۆنانه‌ی ئاراسته‌ی ئیسرائیلی كردوون، ژماره‌یه‌ك له مووشه‌كه‌كان هێڵی به‌رگریی ئیسرائیلیان بڕیوه و زیانیان به ئیسرائیل گه‌یاندووه و جگه له وێرانكردنی كۆمه‌ڵێك باڵه‌خانه، لانی كه‌م تا ئێسته 24 كه‌سی كوشتووه و سه‌تانی تری بریندار كردووه.