ئایشە دۆغان: خەڵك رەخنەمان لێ دەگرێت چونكە دەوڵەت بۆ پرۆسەی ئاشتی هەنگاوی رژدی نەناوە

:: PM:01:14:19/06/2025 ‌
گوتەبێژی دەم پارتی رای گەیاند، پرۆسەی ئاشتی بەردەوامە و ئێمە وەك دەم پارتی رژدین و هەموو ئەوەی لەسەرمان بووە جێبەجێمان كردووە، بۆیە ئەوەی ماوە تەنیا لای حكوومەت و كاربەدەستانی توركیایە.

ئایشە دۆغان گوتەبێژی دەم پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی حوزەیران، لە  كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لە ئەنكەرە ڕای گەیاند، خەڵك هەموو پرسیار لە دەم پارتی دەكەن كە پرۆسەكە بەچی گەیشت؟ ئێمە ئەوەی لەسەرمان بووە جێبەجێمان كردووە و بەردەوامین، بەڵام ئەوەی ماوە دەبێت دەسەڵات هەنگاوی رژدی بۆ بهاوێت.

ئایشە دۆغان گوتی، توركیا ئەگەر بیەوێت بابەتی دیموكراسی و بابەتی كورد چارەسەر بكات، پێویستە بزانێت ئەمە تەنیا كێشەی دەم پارتی نییە، كێشەی تەواوی لایەنەكان و وڵاتەكەیە.

ئایشە دۆغان گوتی: هەنگاوەكان هێواشن و چاوەڕێین خێراتر بكرێن، چونكە خەڵك بۆیان گرنگە و دەپرسن بۆ كاتی زۆر تێپەڕی و شتێكی ئەوتۆ نەكراوە.

پرۆسەی ئاشتی لە توركیا لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە پێشنیار كرا، دواتر عەبدوڵا ئۆجەلان پرۆسەی چەكدانان و خۆهەڵەوەشاندنەوەی هێنایە ئارا و بڕیار بوو حكوومەت و پەرلەمان، پرۆسەكە بەیاسایی بكەن و لە رێگەی لیژنەیەكی یاساییەوە كارەكان دەست پێ بكرێت، بەڵام توركیا هێشتا هەنگاوی رژدی لەمبارەیەوە نەناوە.



وشە - سۆران عەزیز