ئێران سزای لەسێدارەدانی سێ هاووڵاتیی كوردی جێبەجێ كرد كە یەكێكیان خەڵكی سلێمانییە، دوانەكەی تریش خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن.
ئەمڕۆ چوارشەم 25ی حوزیران، ماڵپەڕی "هەنگاو" بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، ئێران لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، سزای لەسێدارەدانی سێ هاووڵاتیی كوردی بە ناوەكانی ڕەسووڵ ئەحمەد محەمەد خەڵكی سلێمانی، ئازاد شوجاعی و ئیدریس ئالی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، جێبەجێ كرد.
ئاماژە بەوەش دراوە كە ئەم سێ كەسە، لە مانگی نۆی ساڵی 2023دا بە تۆمەتی هاوكاریكردنی ئیسرائیل گیرابوون، پاش ساڵێك سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.
لە مانگی 11ی 2020دا، موحسین فەخریزادە مەهابادی كە یەكێك بوو لە زانایانی ئەتۆمیی ئێران، لە ناوچەی ئاوساردی دەماوەند نزیك تاران كوژرا، كاربەدەستانی ئێرانیش ئەوكات ئیسرائیلیان بە ئەنجامدەری كوشتنی ئەو زانایە تۆمەتبار كرد، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا 20 كەسیان بە تۆمەتی هاوكاریكردنی ئیسرائیل گرت.
لەو كاتەوەی گیراون، ئێستە بڕیاری لەسێدارەدانەكەیان جێبەجێ كرا، ئەوە لە كاتێكدایە لەم رۆژانەدا بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە، خەڵكێكی زۆر لە ئَێران و كوردستانی رۆژهەڵات بەتۆمەتی ئەندامی مۆساد دەگیرێن.
رەسوڵ ئەحمەد محەمەدیش بازرگانێکی سنووری خەڵکی سلێمانی بووە و دوای دۆزینەوەی ژمارە تەلەفۆنەکەی لە مۆبایلی ئیدریس، گیرا.