نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ئیرفان سدیق باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد، لە كۆبوونەوەیەكدا پێوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، دۆخی ناوخۆی كوردستان و هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تاوتوێ كران.
ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە عیرفان سدیق باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا پێوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، دۆخی ناوخۆی كوردستان و هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران، هەروەها لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بیروڕایان گۆڕییەوە.
هەردوولا دووپاتیان لە برەودان بە پێوەندییەكان و فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەشی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا كردەوە، هەروەها لەسەر گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن و پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هاوڕا بوون.
لەبارەی پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، دووپاتیان كردەوە كە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان و گرتنەبەری گفتوگۆ و ڕێگە دیپلۆماسییەكان، لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەكان و تەواوی ناوچەكەدایە و ئارامی و سەقامگیری دەپارێزێت.
پێوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی تری كۆبوونەكە بوو كە كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو.