راپۆرتەكان: ئێران دامەزراوەیەكی پتەوتری نهێنی لە "فۆردۆ" هەیە

:: AM:09:17:27/06/2025 ‌
یۆرانیۆمی پیتێنراو و ونبووی ئێران هێشتاش مایەی نیگەرانییەكی قووڵی ئەمەریكا و ئیسرائیلە. ئەمەش ئەو ڕاستییەیە كە چەندین ڕاپۆرتی هەواڵگری ئاماژەی پێدەكەن و وێنەی مانگە دەستكردەكانیش پشتیوانی لێدەكەن، كە تێیاندا جووڵەیەكی نائاسایی بارهەڵگرەكان لە نزیك وێستگەی فۆردۆ تۆمار كراوە، تەنیا یەك ڕۆژ پێش هێرشەكانی ئەمەریكا.

پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە بەكارهێنانی بۆمبهاوێژی جۆری "بی-2"، گەورەترین بۆمبی ئاسایی ناو كۆگاكانی چەكی بەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێراندا باراند، بە ئامانجی لەناوبردنی چەندین پێگەی ستراتیجی، لەوانەش وێستگەی "فۆردۆ" بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم كە لەژێر شاخدا دروست كراوە، هەروەها وێستگەی "ناتانز" و  "ئەسفەهان" . لە دوای هێرشەكە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، ڕای گەیاند كە ئەو گورزە "بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانی تێكشكاندووە".

بەڵام، پێش ئەنجامدانی هێرشەكە، 16 بارهەڵگر لە دەرەوەی وێستگەی فۆردۆ بینراون كە لە ڕیزدا وەستاون. شارەزایەكی بواری بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیش لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی دووپاتی كردەوە كە ڕژێمی ئێران بڕێكی زۆر لە یۆرانیۆمی بەڕێژەی بەرز پیتێنراوی گواستووەتەوە بۆ شوێنێكی نهێنی، پێش ئەوەی ئەمەریكا دەرفەتی بۆمبارانكردنی وێستگەكانی هەبێت.

پرسیارەكە ئەوەیە: ئەو بارهەڵگرانە یۆرانیۆمە پیتێنراوەكەیان بۆ كوێ برد؟

بەپێی هەمان ڕۆژنامەی بەریتانی، باشترین شوێن بۆ شاردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو، "چیای فەئس"ـە.

ئەم شوێنە دەكەوێتە دووریی نزیكەی 145 كیلۆمەتر لە باشووری وێستگەی فۆردۆوە و زۆر نزیكە لە وێستگەی ئەتۆمیی ناتانز لە پارێزگای ئەسفەهان.

پێشبینی دەكرێت ئەم پێگە نهێنییە نوێیە، دامەزراوەیەكی ئەتۆمیی قووڵی ژێرزەوی بێت، كە قووڵییەكەی بە نزیكەی 100 مەتر لەژێر ڕووی زەوییەوە مەزەندە دەكرێت. ئەمەش لە كاتێكدایە كە قووڵیی فۆردۆ لە نێوان 60 بۆ 90 مەتردایە، وای كردووە شوێنە نوێیەكە بە بەراورد بە فۆردۆ و ناتانز زۆر پارێزراوتر و قایمتر بێت.

وێستگەی فۆردۆ دوو دەروازەی تونێلی هەیە، بەڵام "چیای فەئس" لانیکەم چوار دەروازەی هەیە: دووانیان لە لای ڕۆژهەڵاتی چیاكە و دووانیشیان لە لای ڕۆژئاوای.

بەگوێرەی "تەلەگراف"، ئێران لە ئێستادا خەریكی دروستكردنی دامەزراوەیەكی نوێیە لەوێ و لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بەبێدەنگی هەوڵێكی زۆری داوە بۆ قایمكردن و فراوانكردنی ناوچەكە.

نوێترین سیستمی پاراستن

وێنەی مانگە دەستكردەكان ئەوەش دەردەخەن كە تۆڕێكی ئاڵۆزی تونێل لەژێر چیاكەدا دروست كراوە و پێگەکە بە قەڵای نوێ لە دەوروبەری پتەو كراوە كە وا دەردەكەوێت شوێنێكی نوێ بێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.

هەروەها بەپێی وێنەكان، دامەزراوەكە بە نوێترین سیستمی پاراستنی تەناهی پڕچەك كراوە.


وشە - پۆڵا مەحموود