"بۆ رزگاركردنی لە مردنێكی حەتمی پێویستە خامنەیی بڵێت سوپاس سەرۆك ترەمپ"

:: AM:08:56:28/06/2025 ‌
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، پێویستە ئێران جارێكی تر بیر لەوە نەكاتەوە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی نۆژەن بكاتەوە یان دەست بۆ بەرێت، چونكە ئەوكات جارێكی تریش لێی دەدرێتەوە. دووپاتی كردەوە كە من بووم خامنەییم لە مرنێكی حەتمی رزگار كرد، پێویستە بڵێت "زۆر سوپاس سەرۆك ترەمپ".

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەو لێدوانە رۆژنامەوانییەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكای دوێنی دابووی بڵاو كردووەتەوە و دووپاتی كردووەتەوە، پێویستە ئێران جارێكی تر بیر لەوە نەكاتەوە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی نۆژەن بكاتەوە یان دەست بۆ بەرێت، چونكە ئەوكات تووشی هێرش و بۆردمان دەبێتەوە. هاوكات ترەمپ لەو هەواڵە درۆیانەی هەندێك میدیا كەم كردووە كە توانای فڕۆكەوانەكانی ئەمەریكا لە هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران بە كەم تەماشا دەكەن.

ترەمپ زیاتر گوتی، ئێران دەیەوێ لەگەڵ ئەمەریكا كۆ ببێتەوە، بۆیە پێم وا نییە جارێكی تر بگەڕێتە بۆ بەرنامەی ئەتۆم. خۆ ئەگەر كاری وا بكات و بگەڕێتەوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، جارێكی تر بیر لەوە دەكەمەوە هێرشی بكەمەسەر.

ئەوەشی گوت كە ساڵانێكی درێژە دەڵێم نابێ ئێرانی ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم، كەواتە دەبێ بزانێ ئەوە دوا بیركردنەوەیە ئەگەر بیەوێ بەو شێوەیە بیر بكاتەوە. دووپاتی كردەوە كە پێویستە ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم یان هەر لایەنێكی رێزلێگیراو، شكنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەكەی ئێران بكەن.

سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی دا كە ئەو بوو ژیانی رابەری ئێرانی لە كوشتێكی حەتمی رزگار كرد، بۆیە گوتی، خامنەیی نابێ هیچ شتێك بڵێ جیالەوەی بڵێ، "زۆر سوپاس سەرۆك ترەمپ". هاوكات دووپاتی كردەوە كە زۆر پێویستە ئێران بگەڕێتەوە بۆ خۆڕێكخستتن لەگەڵ سیستمی جیهانی، خۆ ئەگەر ئەوە نەكات، دەبێ بزانێ دۆخەكە بۆ رژێمی وڵاتەكەی زۆر خراپتر دەبێت.

دواتریش لە كۆتایی لێدوانەكەیدا ترەمپ گوتی، ئێرانییەكان هەمیشە تووڕەن و دوژمنكاری دەنوێنن، كەچی ئەوەی بەمدواییە و لە جەنگەكە رووی دا، دەركەوت بەرهەمی سیاسەتەكانی ئەو وڵاتە، تەنیا وڵاتەكەی بۆ وێرانبوون و پێ پاشەڕۆژ بردووە، سوپایەكی هەڵوەشاوە و ئابوورییەكی وێران، بەشی ئێران بووە.

جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرەبەیانی هەینیی 13ی مانگەوە بە دەستپێشخەریی ئیسرائیل دەستی پێ كردووە. ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتەم رۆژی جەنگە و لە رۆژانی رابردوودا ئیسرائیل جگە لەوەی كە ژمارەیەكی زۆر لە فەرماندە باڵاكانی ئێرانی كوشتووە، لانی كەم 17 زانای ئەتۆمی لەناو بردووە و ژمارەی كوژراوانی ئێران گەیشتووەتە سەرووی 500 كەس. هاوكات ژێرخانی سەربازیی ئێرانی وێران كردووە. ئیسرائیل بە فەرمی رای گەیاندووە كە ئاسمانی ئێرانی بە تەواوی كۆنترۆڵ كردووە.

لە بەرانبەردا ئێران بەو مووشەك و درۆنانەی ئاراستەی ئیسرائیلی كردوون، ژمارەیەك لە مووشەكەكان هێڵی بەرگریی ئیسرائیلیان بڕیوە و زیانیان بە ئیسرائیل گەیاندووە و جگە لە وێرانكردنی كۆمەڵێك باڵەخانە، لانی كەم تا ئێستە زیاتر لە 30 كەسی كوشتووه و سەتانی تری بریندار كردووە.

دواتریش ئەمەریكا لە بەرەبەیانیی زووی 22ی حوزەیران، هێرشی كردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهان و وێرانی كردن. ئێرانیش ئاماژە بە وەڵامدانەوەی ئەمەریكا دەكات. بەدوایدا لە 23ی حوزەیران ئێرانی وەڵامێكی لاوازی ئەمەریكای دایەوە بەوەی بە چەند مووشەكێك، هێرشی كرد سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە و زۆربەی مووشەكەكانیش هەر لە ئاسمان تەقێنرانەوە. وەك سەرۆكی ئەمەریكا هەر ئەوكات گوتی "وەڵامەكەی ئێران زۆر لاواز بوو".

دواتریش هەر ترەمپ خۆی رێككەوتنی ئاگربەستی جەنگەكەی راگەیاند و داوا لە ئیسرائیل و ئێران كرد، بە رێككەوتنەوەكە پابەند بن. لە 24ی حوزەیران رۆژ سێشەمەوە ئاگربەست دەستی پێ كردووە و شەڕ بەكۆتا هاتووە. وێڕای ئەوەیش جەنگی هەواڵگریی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامیی هەیە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د