دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، هیوا دەخوازێت ئاگربەست لە غەزە لە ماوەی هەفتەیەكدا بكرێت.رۆژنامەكانی ئیسرائیلیش باس لە رێككەوتنی هەمەلایەنە لە بەرزترین ئاستدا دەكەن.
ئەمڕۆ شەموو 28ی حوزەیران، كەناڵی بیبیسی بڵاوی كردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ رای گەیاند، پێمان وایە لە هەفتەیەكدا ئاگربەست لە غەزە دەكرێت.
لە میانەی واژووكردنی رێككەوتننامەی كۆنگۆ و رواندا لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ، ترەمپ روونی كردەوە كە ئاگربەست لە غەزە زۆر نزیكە. ئاماژەی بەوەیش كرد لەگەڵ هەندێك كەس كە بەشدارن لە هەوڵدان بۆ ئاگربەست لە غەزە قسەی كردووە، بەڵام ترەمپ ناوی كەسیانی ئاشكرا نەكردووە، تەنیا گوتوویەتی، قسەم لەگەڵ هەندێك كەس كردووە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوان ئیسرائیل و حەماس.
ترەمپ باسی لە پێوەندیی خۆی و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كرد و گوتی، لە كاتی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بە نزیكەی رۆژانە پێوەندیمان هەبووە.
ترەمپ رۆژی چوارشەم پشتڕاستی كردەوە، كە ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی خۆی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ترەمپی گوتووە، ئاگربەستی غەزە زۆر نزیكە.
شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە حەوتی تشرینی 2023 دەستی پێ كرد، كاتێك حەماس هێرشێكی لەناكاوی كردە سەر ئیسرائیل و 200 كەسی لێ كوشت و 200 تریش بە بارمتە گیران، لە بەرانبەر ئەمەدا ئیسرائیل هێرشێكی بەرفرەوانی سەربازی لە غەزە دەست پێ كرد كە ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی حەماس بوو.