حەشد دەست بەسەر خەزێنەی عێراقدا دەگرن

:: PM:02:33:28/06/2025 ‌
جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، حەشدی شەعبی لە عێراق تا ئێستە ژمارە و بودجەیان دیار نییە، حكوومەتی عێراق داوای ژمارەیان كردووە ھەر وەڵامیان نەداوەتەوە، بۆیە تا ئێستە دیار نییە ژمارەیان چەندە.

ئەمڕۆ شەموو 28ی حوزەیران، سەگڤان سندی جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی عێراق ھەرگیز ناتوانێ دەست بۆ مووچەی حەشدی شەعبی ببات، ئەوە لەوە ھات كە وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە حەشدی شەعبی كردووە، ناوی چەكدارانی حەشدی شەعبییان بۆ رەوانە بكەن و بەپێی ناوەكان مووچەیان بدرێت، ئەوانیش ئەوەیان رەت كردەوە، مەبەستی وەزارەتی دارایی ئەوە بوو بیكەنە سیستم، بۆیە رەنگە بتوانن ھەندێك رێكخستنەوە بكەن، بەڵام بڕینی مووچەیان كۆتایی حكوومەت دەبێت، لەگەڵ ئەوەیشدا كەس نازانێت ژمارەیان چەندە و چەند پلەدارن، چونكە ئاشكرای ناكەن.

دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەك ناتوانێ دەستكاری مووچەی حەشدی شەعبی بكات، ھیچ دەسەڵاتێكیان بەسەر ئەوانەوە نییە و ئەگەر یەك دوو رۆژیش مووچەیان دوا بكەوێت، رەنگە ھۆكاری تەكنیكی بێت، ئەگەر نا مووچەیان مانگانە وەردەگرن .

"خەرجكردنی بودجە بۆ حەشدی شەعبی كراوەیە و دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان داوای بكەن و بۆیان خەرج دەكرێت، دامەزراندنیش لەناو حەشدی شەعبی بەردەوامە و بەردەوام ژمارەیان لە زیادبووندایە، وەك سوپای عێراق و سلكی سەربازی نییە و مووچەشیان لە سوپاش زیاترە، لە ملیۆنێك  و 500 ھەزار دینار تا ملیۆنێك و 600 ھەزار دینار بە چەكدارەكان دەدرێت"، سندی وای گوت.

ئەوەیشی خستە ڕوو كە لە عێراق حەشدی شەعبی دەسەڵاتدارە و ھەر چییان بوێت بۆیان دەكرێت و كەس ناتوانێ رێگرییان لێ بكات، بۆیە بڕینی مووچەیان دەنگۆی سۆشیال میدیایە و ھیچ بنەمایەكی نییە.

وشە/ بڵند ئیبراھیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم