قائانی لە بەغدایە بۆ رێكخستنەوەی بەرەی موقاوەمە

:: PM:05:24:28/06/2025 ‌

بەپێی زانیاریی میلیشیا شیعەكانی عێراق، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە بەغدایە، ئەوەش دوای دوو رۆژ لە دەركەوتنی بە زیندوویی لە رێوڕەسمێك لە تاران لە دوای ئەوەی راپۆرتەكان باسی كوژرانیان لە هێرشی دوایی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران كرد، كە جیا لە زیانگەیاندن بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكانی تاران، ژمارەیەكی زۆر لە فەرماندەی سوپای پاسداران و زانای ئەتۆمیی ئەو وڵاتە كوژران.

بەپێی زانیارییەكان قائانی لەگەڵ لایەنەكانی بەرەی موقاوەمە لە تەواوی ناوچەكە كۆ دەبێتەوە، واتە تەنیا چاوی بە میلیشیا شیعەكانی عێراق ناكەوێت، كۆبوونەوەكان تەواوی میلیشیاكانی عێراق و حوسییەكانی یەمەن و حزبوڵای لبنانی و هەردوو بزاوی حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی دەگرێتەوە، ئەوان باسی دوو تەوەری سەرەكی دەكەن، قۆناغی داهاتوو و نەهێشتنی سیخوڕی و دزەكردنەكانی ئیسرائیل بۆ ناو بەرەی موقاوەمە. 

سەرچاوەكە كە نزیكە لە كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی دەڵێت، قائانی هەوڵی رێكخستنەوەی ریشەیی ئەركی ئەو میلیشیایانە دەدات، واتە گۆڕانكاری لە بەڕێوەچوون و ئەركیان هەیە، بەوەش بێت گۆڕانكاریی گەورە لە ناو بەرەی موقاوەكە دەبێت، بەرەی موقاوەكە بەرەو پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپراسیۆن لە لبنان و ئێران و عێراق دەچێت بۆ لەناوبردنی سیخوڕی لە ریزەكانی ئەو بەرەیە كە تا ئێستە گەورەترین زیانی پێ گەیاندوون. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل