نەفتالی بینیت: ئیدارەكەی نەتەنیاهۆ بۆ ئیسرائیل كارەساتە و دەبێ بڕوات

:: AM:10:52:29/06/2025 ‌
سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە دیمانەیەكدا رای گەیاند، ئیدارەكەی بنیامین نەتەنیاهۆ بۆ ئیسرائیل كارەساتە، بۆیە پێویستە بڕوا و واز لە پۆستەكەی بێنێت. مانەوەی بۆ ماوەی 20 ساڵ لەو پۆستە بۆ ئیسرائیل، تەندروست نییە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 29ی حوزەیران، بەشێك لەو دیمانەیەی بڵاو كردووەتەوە كە كەناڵی "12"ی ئیسرائیلی لەگەڵ نەفتالی بینیت سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ئەنجامی داوە، لەوێدا بینیت دووپاتی كردووەتەوە كە نەتەنیاهۆ ماوەی 20 ساڵە لەو پۆستەدایە و ئەویش بۆ ئیسرائیل تەندروست نییە، هاوكات ئیدارەكەی كارەساتی بۆ وڵاتەكە هێناوە، بۆیە پێویستە واز لە پۆستەكەی بێنێت.

زیاتر گوتی، نەتەنیاهۆ بەرپرسیاریی قورسی دابەشبوونی كۆمەڵگەی ئیسرائیلی هەڵدەگرێت، بۆیە هەر دەبێ بڕوات.

لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران بینیت گوتی، هێرشكردنە سەر ئێران كارێكی زۆرباش و پێویست بوو، بەڵام هێرشی ئیسرائیل جێبەجێ نەدەكرا ئەگەر خۆی بنچینەكەی بۆ دانەنابوو لەو كاتەی سەرۆكایەتیی حكوومەتی لە 2021دا دەكرد.

لەبارەی جەنگی غەزەیشەوە بینیت دووپاتی كردەوە كە ئەدای سوپای ئیسرائیل زۆرباش و نایابە، بەڵام ئیدارەی سیاسیی وڵات جۆرێكە لە كارەسات.

دواتریش گوتی ئەگەر حكوومەت بۆ بڕیاردان كێشەی هەبێت، ئەو پێشنیاز دەكات رێككەوتنێكی فراوان بكرێت و تەواوی بارمتەكان ئەوانەی ماون و لە غەزەدا دەستبەسەر كراون ئازاد بكرێن. دواتر ئەركی لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماس بە حكوومەتی داهاتوو بێتە سپاردن نەك ئەم حكوومەتە.

جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرەبەیانی هەینیی 13ی مانگەوە بە دەستپێشخەریی ئیسرائیل دەستی پێ كردووە. ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتەم رۆژی جەنگە و لە رۆژانی رابردوودا ئیسرائیل جگە لەوەی كە ژمارەیەكی زۆر لە فەرماندە باڵاكانی ئێرانی كوشتووە، لانی كەم 17 زانای ئەتۆمی لەناو بردووە و ژمارەی كوژراوانی ئێران گەیشتووەتە سەرووی 500 كەس. هاوكات ژێرخانی سەربازیی ئێرانی وێران كردووە. ئیسرائیل بە فەرمی رای گەیاندووە كە ئاسمانی ئێرانی بە تەواوی كۆنترۆڵ كردووە.

لە بەرانبەردا ئێران بەو مووشەك و درۆنانەی ئاراستەی ئیسرائیلی كردوون، ژمارەیەك لە مووشەكەكان هێڵی بەرگریی ئیسرائیلیان بڕیوە و زیانیان بە ئیسرائیل گەیاندووە و جگە لە وێرانكردنی كۆمەڵێك باڵەخانە، لانی كەم تا ئێستە زیاتر لە 30 كەسی كوشتووه و سەتانی تری بریندار كردووە.

دواتریش ئەمەریكا لە بەرەبەیانیی زووی 22ی حوزەیران، هێرشی كردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهان و وێرانی كردن. ئێرانیش ئاماژە بە وەڵامدانەوەی ئەمەریكا دەكات. بەدوایدا لە 23ی حوزەیران ئێرانی وەڵامێكی لاوازی ئەمەریكای دایەوە بەوەی بە چەند مووشەكێك، هێرشی كرد سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە و زۆربەی مووشەكەكانیش هەر لە ئاسمان تەقێنرانەوە. وەك سەرۆكی ئەمەریكا هەر ئەوكات گوتی "وەڵامەكەی ئێران زۆر لاواز بوو".

دواتریش هەر ترەمپ خۆی رێككەوتنی ئاگربەستی جەنگەكەی راگەیاند و داوا لە ئیسرائیل و ئێران كرد، بە رێككەوتنەوەكە پابەند بن. لە 24ی حوزەیران رۆژ سێشەمەوە ئاگربەست دەستی پێ كردووە و شەڕ بەكۆتا هاتووە. وێڕای ئەوەیش جەنگی هەواڵگریی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامیی هەیە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د