پەرلەمانتارێكی یەكێتی: فایەق زێدان یارییەكەی بردەوە و پێگەی خۆی لە دەوڵەتی قووڵ بەهێزتر كرد

:: PM:01:43:29/06/2025 ‌
پەرلەمانتارێكی یەكێتی رای گەیاند، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری، یارییەكەی لە جاسم عەبوود بردەوە و پێگەی خۆی لە دەوڵەتی قووڵ بەهێزتر كرد.

ئەمڕۆ یەكشەم دەسەڵاتی دادوەری بڵاوی كردەوە كە جاسم محەمەد عەبوود سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی، بە هۆكاری تەندروستی خانەنشین كراوە، لە بری ئەو مونزیر ئیبراهیم جێگری سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوە كاندید كراوە.

لەمبارەیەوە كاروان یاروەیس ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، دادوەر فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە ململانێیدا لەگەڵ دادوەر جاسم عەبوود سەرۆكی پێشووی دادگای باڵای فیدراڵی، یارییەكەی بردەوە و پێگەی خۆی لە دەوڵەتی قووڵ بەهێزتر كرد.

دەشڵێت: ململانێی نێوان فایەق زێدان و جاسم عەبوود نموونەی زیندووی بەریەككەوتنی دامەزراوەكانە لە عێراق، زاڵبوونی هەژموونی كەسییە بەسەر ڕۆڵی دامەزراوەكانی دەوڵەتدا‌.

بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە، بەریەككەوتنی دەسەڵات و دامەزراوەكان، قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكانیان، تێكەڵبوونی دەسەڵاتەكانیان و لاوازبوونی دامەزراوەكانی دەوڵەت، هۆكارەكەی زاڵبوونی پشكپشكێنەی سیاسی و كەسیی و گرووپە جیاجیاكانن.

ئەوەشی خستەڕوو كە لاوازبوونی دامەزراوەكانی دەوڵەت بەتایبەتی دامەزراوە و دەسەڵاتە فیدراڵییەكان، تەنیا زیانی گەورەی بۆ عێراق نابێ، بەڵكو زیانی گەورەتری بۆ كورد دەبێت. جگە لە مەترسییە دەرەكییەكان و هاوكێشە هەرێمایەتییەكان، لەوانە هەڕەشەی ئەمەریكا بۆ سەر گرووپە چەكدارەكانی "بەرەی مقاوەمە" و سڕكردنی شەڕی ئێران- ئیسرائیل، كە دوێنێ سەركردەیەكی بەئاگای وەك نووری مالیكی هۆشداریی دا و گوتی، عێراق بەدوور نابێ لە مەترسییەكان.

كاروان یاروەیس گوتیشی: لە ناوخۆدا مەترسیی گەورەتر هەیە كە سیستمی حوكمڕانی و سیاسی لە عێراق بەسەرچووە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بەرەو بنبەست دەچێت، قووڵبوونەوەی ململانێكان و تەشەنەكردنی گەندەڵی و بەرتیلخواردن و خراپ بەڕێوەبردن و لاوازبوونی ڕۆڵی دامەزراوەكان و بوونی چەك لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، لە مەترسییە رژدەكانن.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی دەشڵێت: شیعەكان نایانەوێت هەڵبژاردن دوا بكەوێت، بۆ ئەوەی بۆشایی دەستووری دروست نەبێت و دەسەڵاتی شیعە شەرعییەتی دەستووری لە دەست نەدات، بەڵام دەبێت هەنگاوی رژد بنێن بۆ چاكسازی لە دەسەڵاتەكەیان، بەڵكو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت”.





وشە - سۆران عەزیز