عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەم 29ی حوزەیرانی 2025، ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بە "گەورەکردنەوەی بەئەنقەست"ی ڕووداوەکان، بۆ ئەوەی شکست و بێتوانایی خۆیان لە بەدەستهێنانی ئەنجامی ڕاستەقینە بشارنەوە.
ئەمە بە یەکەم وەڵامی فەرمیی سەرکردایەتیی ئێران دادەنرێت لەسەر لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، سەبارەت بە شەڕەکەی ئەم دواییە.
خامنەیی لە تویتێکدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی بڵاوی کردووەتەوە نووسیویەتی: سەرۆک کۆماری ئەمەریکا بە شێوەیەکی نائاسایی زیادەڕەویی لە وەسفی ئەوەی ڕووی داوە کرد، ئەمەش پێویستیی ئەو بۆ ئەم قسە گەورەکردنە دەردەخات. هەرکەسێک گوێی لەو لێدوانانە بێت، دەزانێت لە پشتیانەوە ڕاستییەکی جیاواز هەیە.
هەروەها دەڵێت، هیچ شتێکی ئەوتۆیان پێ نەکراوە، بۆیە هەوڵ دەدەن ڕاستییەکان لە پشت چەند قسەیەكی كە زیادەڕەوی تێدا كراوە بشارنەوە.
ئەم لێدوانانەی خامنەیی لە دوای چەند قسەیەکی مشتومڕاوی ترەمپ دێت کە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" کردبووی. ترەمپ لەوێدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە هێزەکانی ئەمەریکا پێگە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان وێران کردووە، هەموو مووشەکێک بە وردی ئامانجەکەی پێکاوە، هەروەها شانازیی بە پێشوازی کردن لەو فڕۆکەوانانە کردبوو لە كۆشكی سپی كە هێرشەكانیان ئەنجام دابوو.