شەڕی ئاسمانیی ئیسرائیل و ئێران لە 13 بۆ 24ی ئەم مانگەی خایاند، ئەمەریكا لە 22ی مانگ دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانی بۆردمان كرد و وەك خۆی باسی دەكات بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان پەك خست، شرۆڤەكارێكی سیاسی پێی وایە ململانێی ئەو دوو وڵاتە كۆتایی نەهاتووە و ئەگەر هەیە لەسەر ساتێك ئەوان دەست بە شەڕ بكەنەوە.
هانی عاشوور مامۆستای زانكۆ و شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، ململانێی ئیسرائیل و ئێران بە كردەنی نەوەستاوە، راستە هەردوولا زۆریان زرەر كرد، بەڵام هیچیان یەكلای نەكردووەتەوە، ئەوەش وا دەكات دەرگە لەبەردەم دەست پێكردنەوەی شەڕ لە هەر ساتێك واڵا بێت.
سەبارەت بە هەڕەشە و هەڵوێستی میلیشیا شیعەكانی عێراق روونی كردەوە، ئەو قسەی میلیشیاكان لەبارەی رزگاركردنی قودس دەیكەن لە سایەی ئەو ئاڵۆزییەی لە ناوچەكە هەیە ئاساییە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئەوان بەرانبەر بە فڕۆكە پێشكوتووەكانی ئیسرائیل لە جۆری ئێف35 چیان پێ دەكرێت و توانای خستنەخوارەوەی ئەوانیان هەیە؟
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی ئێران، عاشوور گوتی، توڕەییەكی ئاشكرا لە لایەن توێژەكانی گەلی ئێران هەیە، بەڵام شەڕی دوایی بەرەی ناوخۆی ئەو وڵاتەی یەك خست، هەردوو وڵات توانای سوودبینینیان لە شەڕ بە رێگەی جیاواز هەیە، لەسەر ئاستەكانی سیاسی و جەماوەری و ناوخۆیی.