دوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگای فیدراڵی هۆشیار زێباری داوای پێکهێنانەوەی دەکات

:: PM:11:30:29/06/2025 ‌
لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بەو قەیرانەی ڕووبەڕووی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بووەتەوە، هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوای پێکهێنانەوەی بنەڕەتیی ئەو دادگایە دەکات لەسەر بنەمای دەستوور.

ئەمڕۆ یەکشەم 29ی حوزەیرانی 2025، زێباری لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئێستا کاتی ئەوەیە هەمووان داوای ئەوە بکەن کە جارێکی تر دادگای فیدراڵی، دوور لە بەسیاسیکردن پێک بهێنرێتەوە لەسەر بنەمای مادەی 92/ دووەم/ـی دەستووری عێراق."

ناوبراو لە درێژەی پەیامەکەیدا دووپاتی لەسەر ئەوە کردەوە کە "دادپەروەریی بنچینەی حکومڕانییە،"  بۆیەش ئەو هەنگاوە پێویستە "بە مەبەستی بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی، یەکگرتوویی عێراق و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی بۆ وڵاتی عێراقی فیدراڵ."

ئەم بانگەوازەی هۆشیار زێباری لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، 19ی حوزەیرانی 2025، شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگی دادگای فیدراڵیی عێراق دەستیان لەکارکێشایەوە. ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە لە کاتێکدا بوو کە بڕیار بوو دادگاکە کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.


وشە - پۆڵا مەحموود