زیندانییانی گرتووخانەی ئێڤین لە تاران لە ترس و دڵەڕاوكێدا دەژین

:: AM:10:43:30/06/2025 ‌
ئاژانسی (Associated Press - AP) ئەمڕۆ دووشەم بڵاوی كردەوە كە زیندانییەكانی گرتووخانەی ئێڤین لە تاران، دوای هێرشی مووشەكیی ئیسرائیل لە هەفتەی ڕابردوو، گواستراونەتەوە بۆ چەند شوێنێك كە ڕەوشی گرتووخانە تێیدا ناهەموارە و هاوكات ترسیان هەیە كۆماری ئیسلامیی ئێران، تۆمەتی سیخوڕییان بەسەر بسەپێنێت و لە سێدارەیان بدات. 

سەیداڵ كە ناوێكی خوازراوی یەك لە زیندانییەكانە، بە تەلەفۆن بە كەسوكارەكەی گوتووە، "بە ڕاستی ئەم بارودۆخە مردنێكی لەسەرخۆیە. هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل ئێمەی نەكوشت، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێمەی هێناوە بۆ شوێنێك كە بەشێوەیەكی كرداری دەمانكوژێت."

گرتووخانەی ئێڤین لە تاران بە یەكێك لە بەدناوترین گرتووخانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەژمێردرێت و تا ئێستە چەندان پێشێلكاریی زەقی مافی مرۆڤی تێدا تۆمار كراوە، لە ناوانیاندا ئەشكەنجە و لەسێدارەدانی بێ دادگاییكردن. دەسەڵاتدارانی ئێرانی، زیندانیانی سیاسی و ڕۆژنامەنووس و مامۆستایانی زانكۆ و هەروەها چالاكانی مافی مرۆڤی تێدا بەند دەكەن.

لە ڕێكەوتی 23ی حوزەیران و لە میانەی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، گرتووخانەكە كەوتە بەر هێرشی ئاسمانیی تەلئەبیب و بە لایەنی كەمەوە 71 كەسی تێدا كوژرا. 

دوای شكستەكەی لە دەستنیشانكردنی كات و چۆنیەتیی هێرشەكانی ئیسرائیل كە كوژرانی دەیان فەرماندە و زانای ئەتۆمیی ئێرانیان لێ كەوتەوە، حكوومەتی ئێران گومانی لە بەشێك لە زیندانییانی سیاسیی نیشتەجێی ئێڤین چڕ كردووەتەوە و تۆمەتی هاوكاریكردنی ئیسرائیلیان دەداتە پاڵ. بەگوێرەی ئاژانسی AP، لەسەر زاری كەسوكارەكانیان، زۆربەی بەندكراوان هەفتەیەكە لە بەندكردنی تاكەكەسین یان لە ژێر لێكۆڵینەوەدان و هیچ سۆراخێكیان نییە.

ڕێكخراوی چالاكانی بواری مافی لە ئێران كە بارەگاكەی لە واشنتنە، ڕای گەیاندووە كە نزیكەی 1,300 كەس دوای جەنگی تاران و تەلئەبیب، بە تۆمەتی سیخوڕی و بڵاوكردنەوەی بابەت دژی كۆماری ئیسلامی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گیراون. 

ترس هەیە كۆماری ئیسلامیی ئێران هەمان تاوانی ڕەشەكوژیی دوای كۆتاهاتنی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لە ساڵی 1988 دووبارە بكاتەوە، كە تێیدا زیاتر لە 5,000 زیندانی سیاسی بێ دادگاییكردنێكی شایستە، لە سێدارە دران و خرانە گۆڕی بەكۆمەڵەوە كە تا هەنووكە نەدۆزراونەتەوە.

محەمەد كامەران



وشە - وشه‌