ڕۆیتەرز پێوەندیی حكوومەتەكەی ئەحمەد شەرع بە كۆمەڵكوژیی عەلەوییەكان پشتڕاست دەكاتەوە

:: PM:03:18:30/06/2025 ‌
لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ، نزیكەی 1,500 هاووڵاتیی عەلەوی لە كەناراوەكانی سووریا بە دەستی چەكدارەكانی سەربە حكوومەتی نوێی دیمەشق، بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد شەرع دوای بەرهەڵستكارییەكی چەكداری، بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و دڕندانە كۆمەڵكوژ كران. ئەگەرچی شەرع خۆی و حكوومەتەكەی لە ڕەشەكوژییەكە بێبەری كرد و لیژنەی لێكۆڵینەوەی پێك هێنا، بەڵام لێكۆڵینەوەیەكی بنكۆڵكاریی ڕۆیتەرز، گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی كە بڕیاری كوشتارییەكان ڕاستەوخۆ لە دیمەشقەوە هاتوون.

ئەمڕۆ دووشەم 30ی حوزەیران، ڕۆیتەرز دەرئەنجامی بەدواداچوونێكی سێ مانگی خۆی بۆ كۆمەڵكوژیی عەلەوییەكان بڵاو كردەوە، تێیدا وردەكاریی تێوەگلانی حكوومەتی سووریا و هەروەها چۆنیەتیی كوشتنی عەلەوییەكان خراوەتە ڕوو.

"بەشی سەرەوەی لەشیان هەڵدریبوو، دڵیان دەرهێنابوو و لەسەر سنگیان دانابوو،" ڕەشید سەعد باوكی یەكێك لە قوربانییەكان، بە ڕۆیتەرزی گوتبوو.

بەدواداچوونەكە دەریخستووە كە كوشتنەكان تەواو هەڕەمەكی بوون، ژن و منداڵ و پیر و كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ریزی كوژراوەكاندا بوون. لە كۆی 253 كوژراو لە گوندێكی عەلەوییەكان، 45یان ژن بوون، لە گوندێكی دیتر لە كۆی 30 كوژراو 10یان منداڵ بوون.

بەدواداچوونەكەی ڕۆیتەرز، بڕیاری سووككردنی سزاكانی سەر سووریا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بە "سەیر" ناو بردووە، گوتوویەتی "ئێستە حكوومەتی سووریا لەلایەن گرووپێكی هەڵوەشاوەی ئیسلامی بەڕێوە دەبرێت كە ناوی دەستەی ڕزگاركردنی شامە و سەربە قاعیدە بووە."

لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵ، ترەمپ لە سعوودیەوە ڕای گەیاند كە ئابڵۆقەكانی سەر سووریا هەڵدەگرێت و "دەرفەتێك بۆ گەشەسەندن" بە دیمەشق دەبەخشێت، ڕۆژی دواتریش لەگەڵی كۆ بووەوە.

شەرع و هاوپەیمانییەك لە چەكدارە توندڕەوەكان لە كانوونی دووەمی ئەمساڵ دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان كۆتایی پێ هێنا، دواتر شەرع بووە سەرۆك و دەستووری وڵاتی هەڵوەشاندەوە و پلەی سەربازیی بەخشییە فەرماندە هاوپەیمانەكانی و گوتی، دواتر هێزە چەكدارەكان لە ژێر چەتری سوپایەكی یەكگرتوو ڕێك دەخرێنەوە. بەشار ئەسەد خۆی عەلەوی بوو، لە ماوەی ٥٠ ساڵەی حوكمڕانیی خۆی و باوكی - حافز ئەسەد - عەلەوییەكان ڕۆڵی سەرەكییەكان لە دامەزراوە فەرمییەكانی سووریا بینیوە.

ڕۆیتەرز زانیویەتی گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە شەرع، لە نێوانیاندا میلیشیاكانی سوڵتان سلێمان شا و دەستەی حەمزە، شانبەشانی هێزە فەرمییەكانی ئاسایشی گشتیی دیمەشق، لە كۆمەڵكوژیی ئەمساڵی عەلەوییەكان بەشدار بوون، هاوكات ڕای گەیاندووە كە زۆربەی گرووپ و فەرماندەكانی سەربە شەرع لە ژێر ئابڵۆقەی ئەوروپا و ئەمەریكادان لە بەرانبەر تێوەگلانیان لە كوشتن و ڕفاندن و دەستدرێژیی سێكسی.


وشە - وشه‌